ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامی وەزیری پەروەردەی دایەوە
پەرەگراف
دواى کەمتر لە دوو کاتژمێر لە وەڵامەکەى وەزیرى پەروەردە بۆ مامۆستایان، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامەكەی وەزیری پەروەردە و بایكۆت شكاندنى ڕەت کردەوە و ڕایدەگەیەنێت "سبەی دووشمەممە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان ئەنجام دەدەین و درێژە بە بایكۆت و خەباتی مەدەنی دەدەین".
ئەنجوومەنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "مەرجداركردنی جێبەجێكردنی داخوازییەكانمان و بەستنەوەی بە هەمواری نادیاری یاسای بودجەی عێراقەوە، خۆدزینەوەیە لە جێبەجێكردنیان و باوەڕ بەوە ناكەین كە ئەم حكومەتە نیەتی چارەسەركردنی گرفتەكانی هەیە".
"دەبوو حکومەت ڕاستەوخۆ بڕیاری جێبەجێكردنی داخوازییەكانی بدایە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەڵێن و بڕیار دراوە بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانمان، بەڵام تەنیا مەبەست لێیان شكاندنی بایكۆت بووە و دواتر داخوازییەكانمان پەراوێز خراون"، ئەنجوومەنی مامۆستایان فەرمانبەرانی ناڕازی وە دەڵێت.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژناەوانییەکەدا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ وتی "نووسراوەكەی وەزیری پەروەردە لە ئاستی چاوەڕوانیی مامۆستایانی وانەبێژدا نییە و داواكاریی مامۆستایسانی وانەبێژ دامەزراندنە بەشێوەی هەمیشەیی. هەر بۆیە بایكۆت ناشكێنین".
ئەمڕۆ وەزیری پەروەردەی هەرێم لە نووسراوێكدا لەژێر ناوی "وەڵام"، وەڵامی یاداشتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی دایەوە و ڕایگەیاند كە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ".
بەپێی نووسراوێك كە وەزیری پەروەردە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەی كردووە، دوو خاڵ لە بەرژەوەندیی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ دەكرێن، بەڵام پاش "هەرمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان".
مامۆستایان فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن "ئەو نووسراوەی وەزیری پەروەردە لەژێر ناوی وەڵامدا بڵاو كراوەتەوە و نە بڕیارە و نە ڕەزامەندییە، بۆیە وەزارەتی دارایی دەتوانێت بە پاساوی نەبوونی بودجە جێبەجێكردنی ڕەت بكاتەوە".
دەشڵێت "نووسراوەكە كاتی دیاری نەكردووە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیشی بەستووەتەوە بە هەمواری یاسای بودجەوە، ئەمە جگە لەوەی كە دەڵێت مامۆستایانی وانەبێژ دەكرێن بە گرێبەست نە میلاك، مامۆستا هەیە 15 ساڵە وانەبێژە، ئایا چەند ساڵی دەكرێت بە گریبەست و كەی دادەمەزرێت؟".
ئەو دوو بەڵێنەی كە لە نووسراوەكەی وەزیری پەروەردەدا هاتوون، بریتین لە "دەستپێكردنی پلەبەرزكردنەوە بەپێی یاسا بەركارەكان، بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەگوێرەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری".
ڕۆژی 22-12-2023، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پێنج داواكاری ئاراستەی حكومەتی هەرێم كرد بۆ شكاندنی بایكۆت و جەخت دەكاتەوە كە ئەگەر ئەو داواكارییانە جێبەجێ نەكرێن، بۆ وەرزی دووەمی خوێندنیش بایكۆت ناشكێنن.
چوار لە داواكارییەكان بریتین لە "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و ئەو بڕە پارانەی بە ناوی پاشەكەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرجنەكراوەكان لە مووچەكانمان بڕاوە، پێدانی مووچە كە لە ٣٠ ڕۆژ جارێك تێنەپەڕێت".
داواكاریی پێنجەمی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەوە كە "حكومەتی هەرێم ڕێگری نەكات لەوەی لە هەمواری یاسای بودجەی عێراقدا، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەش بكرێت".
بەپێی وەڵامەكەی وەزیری پەروەردە، داواكارییەكانی یەكەم و دووەمی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی جێبەجێ دەكرێن، بەڵام داواكاریی دووەم بەو جۆرە نییە كە مامۆستایانی وانەبێژ داوای دەكەن.
كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، پێشتر بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "تاكە داواكاریی سەرەكیی ئێمە دامەزراندنەی بە شێوەی هەمیشەیی نەك گرێبەست".
سەبارەت بە داواكارییەكانی پەیوەست بە مووچە و دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بانكەكانی بەغداوە، وەزیری پەروەردە هیچ وەڵامێكی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی نەداوەتەوە.