پەرگراف
وەزیرى پەروەردەی هەرێم وەڵامی یاداشتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی دایەوە و ڕایدەگەیەنێت كە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ". بەوپێیەش یەك داواكاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی جێبەجێ دەكرێت كە پلەبەرزكردنەوەیە، حكومەت وەڵامی داواكارییەكانی پەیوەست بە مووچەی نەداوەتەوە و مامۆستایانی وانەبێژیش داوای دامەزراندن بە هەمیشەیی دەكەن نەك گرێبەست.
بەپێی نووسراوێك كە وەزیری پەروەردە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەی كردووە، دوو خاڵ لە بەرژەوەندیی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ دەكرێن، بەڵام پاش "هەرمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان".
دوو خاڵەکە بریتین لە "دەستپێكردنی پلەبەرزكردنەوە بەپێی یاسا بەركارەكان، بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەگوێرەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری".
ڕۆژی 22-12-2023، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پێنج داواكاری ئاراستەی حكومەتی هەرێم كرد بۆ شكاندنی بایكۆت و جەخت دەكاتەوە كە ئەگەر ئەو داواكارییانە جێبەجێ نەكرێن، بۆ وەرزی دووەمی خوێندنیش بایكۆت ناشكێنن.
چوار لە داواكارییەكان بریتین لە "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و ئەو بڕە پارانەی بە ناوی پاشەكەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرجنەكراوەكان لە مووچەكانمان بڕاوە، پێدانی مووچە كە لە ٣٠ ڕۆژ جارێك تێنەپەڕێت".
داواكاریی پێنجەمی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەوە كە "حكومەتی هەرێم ڕێگری نەكات لەوەی لە هەمواری یاسای بودجەی عێراقدا، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەش بكرێت".
بەپێی وەڵامەكەی وەزیری پەروەردە، داواكارییەكانی یەكەم و دووەمی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی جێبەجێ دەکرێن، بەڵام داواكاریی دووەم بەو جۆرە نییە كە مامۆستایانی وانەبێژ داوای دەكەن.
كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، پێشتر بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "تاكە داواكاریی سەرەكیی ئێمە دامەزراندنەی بە شێوەی هەمیشەیی نەك گرێبەست".
سەبارەت بە داواكارییەكانی پەیوەست بە مووچە و دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بانكەكانی بەغداوە، وەزیری پەروەردە هیچ وەڵامێكی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی نەداوەتەوە.
