شاندی هەرێم گەیشتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجە

06-01-2024 04:29

پەرەگراف

شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابوری گەیشتنە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانی شاندەکە بڵاوکردەوەو دەڵێت، ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە سەر ئاستی هەردوو سەرۆک وەزیران هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای هەمواکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤.                                                                                           

"بڕیارە شاندی هەرێم لە بەغداد چەندین دیدارو کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئەنجام بدەن، هەروەک یاسای نەوت و گازو چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی شاندی هەرێمن لە گەڵ بەغداد" وەزارەتی دارایی وادەڵێت.

شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە؛ ئاوات جەناب وەزیری دارایی، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتیەکان بەوەکالەت، دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، خالید هادی چاوشلی و دکتۆر محەمەد شاکر ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک ڕاوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان.