یەكێتیی پیاوان: 619 سكاڵا و حاڵەتی توندووتیژی دژی پیاوان، تۆمار كراون

06-01-2024 04:26

پەرەگراف

یەكێتیی پیاوانی كوردستان چالاكی و ئامارەكانی ڕێكخراوەكەی بۆ ساڵی 2023 بڵاو كردەوە و دەڵێت "619 سكاڵا و حاڵەتی توندووتیژی لە سەرجەم لق و ناوچەكانمان دژی پیاوان، تۆمار كراون و 67 حاڵەتی خۆكوشتنی پیاوانیش هەبووە".

بورهان عەلی، سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەكانی خستەڕوو و وتی "لە ساڵی 2023دا، هەشت پیاو بەهۆی كێشە خێزانییەكان، لەلایەن هاوسەر بە یارمەتیی كەسی تر، یان لەلایەن منداڵەكانی و كەسوكاری هاوسەرەكانیانەوە كوژراون".

سەبارەت بە جۆری سكاڵا و توندووتیژییەكاننیش، ڕایگەیاند "دەركردنی پیاوی بەتەمەن: 49 حاڵەت، خیانەتی هاوسەری: 51 حاڵەت، توندووتیژیی جەستەیی: 12 حاڵەت، دەستوەردانی كەسوكار لە ژیانی خێزانی: 229 حاڵەت، فشاری دەروونی و سێكسی: 17 حاڵەت، دەستبەسەردانی گرتنی مووچە: نۆ حاڵەت، دەستبەسەرداگرتنی منداڵ پاش جیابوونەوە لەلایەن ژنەوە: 216 حاڵەت، هەڕەشەی میدیایی و ئەلیكترۆنی: 18 حاڵەت و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و خانوو: 11 حاڵەت تۆمار كراون".