ئەمریکا بوودجەی پێشمەرگەی کەمکردەوە و لە پلانیدایە کەمتریشی بکاتەوە

05-01-2024 11:04

پەرەگراف

ئەمەریکا ئەو بڕە پارەیەی کەم کردەوە کە مانگانە دەیدات بە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ مووچە، ئەوەش بەهۆی جێبەجێ نەکردنی پڕۆسەی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەوشێوەیەی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و پێشمەرگەدا واژۆ کراوە، پێشتریش چەندینجار ئەمەریکاو هاوپەیمانان نیگەرانیی و هۆشدارییانداوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو دەستوەردانی حیزبیی پارتی و یەکێتی.

کەمکردنەوەی بودجەکە لەسەروبەندی گرژییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە ڕووی داراییەوە لە قەیراندایە بەهۆی ناکۆکییەکانی لەسەر بودجە لەگەڵ بەغدا، ڕاوەستانی هەناردەی نەوت، و تێچووی میوانداریکردنی زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر و ئاوارە.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی پێشمەرگە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە خەرجی دەکات بۆ پێدانی مووچەی هێزی پێشمەرگە لە ٢٠ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار کەمکردووەتەوە. کەمکردنەوەکە لە کاتێکدایە کە گرژییە سیاسییە ناوخۆییەکانی نێوان پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە.

ئەو یارمەتییە بۆ پاڵپشتیکردنی مووچەی نزیکەی 54 هەزار پێشمەرگە بەکاردەهێنرێت کە لەژێر فەرمانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. 100 هەزار پێشمەرگەی دیکەش لەو یەکانەدا خزمەت دەکەن کە ڕاستەوخۆ لەلایەن پارتی  یان یەکێتییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، کەمکردنەوەی بوودجەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە کاری پێکراوەو بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوان ئەمریکا و حکومەتی هەرێم واژۆکراوە. تا ئێستا بە ئاشکرا دان بە کەمکردنەوەکەدا نەنراوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: “هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری کارگێڕی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدان لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە. ئامانجی سەرەکیمان چەسپاندن و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا”.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە مۆنیتەری ڕاگەیاندووە، بڕیاری کەمکردنەوەی یارمەتی مانگانە سیاسەتێکی فەرمیی نەبووە. "بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە تا ئێستا پێوەرەکانی چاکسازی ناوخۆیی کە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ واشنتۆندا هاتووە، جێبەجێ نەکردووە"، دوو بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بە مۆنیتۆریان ڕاگەیاندووە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەپێی یاداشتەکە، کەمتکردنەوەی یارمەتییەکان "بەردەوام دەبێت".

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: “بێگومان کەمکردنەوەی هاوکارییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پرۆسەی چاکسازی”.ئاماژەی بەوەشکرد، “بەردەوام دەبین لە پرۆسەی چاکسازی بە ئامانجی دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی سەرکەوتوو".

بەمەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی، بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە بە مۆنیتەری وت، کەمکردنەوەی یارمەتییەکان بەو مانایەیە کە "ئاسان نابێت" بۆ وەزارەتی پێشمەرگە مووچەی پێشمەرگەکانی ژێر فەرماندەیی خۆی دابین بکات.

حکومەتی هەرێم لە دۆخێکی سەختی داراییدایەو هێشتا نەیتوانیوە مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆران دابەش بکات، بەڵام لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە "ئەو لیوایانەن کە یەکیان گرتووەتەوە"و خراونەتەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی دابینکردنی مووچەیان لەلایەن ئەمریکاوە مانگانە وەریدەگرن و مووچەی هیچ مانگێکیان دوانەکەوتووە. 

بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بە ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگانەو ڕاهێنان و ڕاوێژی سەربازیی لەلایەن هاوپەیمانانەوە، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی نیگەرانییەکانیان بەهۆی سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.

حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

لێكتێگەشتنی فەرمی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و پێشمەرگە، لە ساڵی 2016ـەوە واژۆكراوە و لە ئەیلولی 2020ـیشداجارێكیتر نوێكرایەوە، كە ئامانجی سەرەكیی هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگەیە، لەگەڵ‌ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی لە تەموزی ساڵی ڕابردوودا لە گفتوگۆیەكدا لە خانەی چاتەم هاوس لە لەندەن، باسی ناکۆکییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەو نیگەرانییەکانی ئەمەریکای کرد و وتی، ئەمەریكا سەرقاڵی داڕشتنەوەی بودجەیە، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو پرسە تاوتوێ دەکەن "دەپرسن ئێمە پارە دەدەینە پێشمەرگە بۆ ئەوەی چاکسازی بکات و یەکبخرێتەوە، ئەی کوا ئەنجامەکان؟ کاتێک هیچ دیار نییە ڕەنگە ئەوانیش بڕیاريکی دیکە بدەن"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسی بڕینی هاوکارییەکان.