بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغداد بۆردومان کراو فەرماندەیەک کوژرا

04-01-2024 01:18
ئاسەواری بۆردومانەکەی ئەمڕۆی بەغداد کە گروپێکی حەشدی کردە ئامانج

پەرەگراف

فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناو وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەغداد بۆردومان کردو فەرماندەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا کوژرا.

میدیاکانی حەشدی شەعبی بڵاویانکردەوە، لە بۆردومانەکەدا ئەبو تەقوا فەرماندەی لیوای 12ی حەشد کوژراوە، کوژراوێکی دیکەو شەش برینداریش هەن.

حەشدی شەعبی پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمەریکا ڕادەکێشێت و بە ئەنجامدەری هێرشەکە ناوی دەبات، هێشتا ئەمەریکا هیچ کاردانەوەیەکی پیشان نەداوەو بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ نەگرتووە.

بزووتنەوەی نوجەبا بەشێکە لەو میلیشیا شیعانەی نزیک لە ئێران کە ١٠ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، خۆیان لە بەرەیەکدا بەناوی "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی" ڕێکخست و هێرشی فراوانیان دەستپێکرد بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە، لەو چوارچێوەیەداو بە پاساوی لێدان لە ئەمەریکییەکان هێرشیش دەکەنەسەر هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئامارێکی پەیمانگای واشنتۆن، میلیشیاکان ١٧ جار هێرشی درۆنییان کردووەتەسەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ١٤ هێرشی دیکەشیان کردووەتەسەر فڕۆکەخانەی هەریر هەر بە پاساوی لە هێزەکانی ئەمەریکا، چەند جارێکیش درۆنەکانیان بەر باڵەخانەو شوێنی مەدەنی کەوتوون.

ئەمەریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت کە "بە هێرشی ئێران" ناویان دەبات، بۆ ئەوەش داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هێرشەکان ڕابگرێت و میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکات، هەرچەندە عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات و بە تیرۆریستی لەقەڵەمیان دەدات، بەڵام توانای بەسەر میلیشیاکاندا ناشکێت و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئەمەریکا پێشتر چەند جارێک بۆدرومانی بارەگای ئەو گروپانەی کردووەو چەندین چەکداری سەر بە بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی کوشتووە کە بەشێکن لە بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی.