پەرەگراف
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پێنج داواكاری ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات بۆ شكاندنی بایكۆت و جەخت دەكاتەوە كە ئەگەر ئەو داواكارییانە جێبەجێ نەكرێن، بۆ وەرزی دووەمی خوێندنیش بایكۆت ناشكێنن.
داواكارییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بریتین لە (دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان، پێدانی مووچە ٣٠ ڕۆژ جارێك).
هەروەها داوا دەكەن كە "حكومەتی هەرێم ڕێگری نەكات لەوەی لە هەمواری پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقیدا، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەش بكرێت".
دەقی یاداشتی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی:
ئێمە ماوەی نۆ ساڵە لە خەباتێكی مەدەنیی بەرفراوانداین بۆ گێڕانەوەی ماف و مووچە و شایستە داراییەكانمان، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانیی ئێمەیە، ئەوەیە كە ئێوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی پەروردە، زۆر بێباكانە مامەڵەتان لەگەڵ گرفت و مافەكانمان كردووە، لە كاتێكدا پرسی ماف و مووچە وەكوو كێشەیەكی درێژخایەن لە ساڵی ٢٠١٤ وە تاوەكو ئێستا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.
لە دوای ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ٢٥ / ٣ / ٢٠٢٣ وە، بێباكیتان زیاتر بووە و لە زۆر لێدوان و دیداری ڕۆژنامەوانی، هەموو كێشەكانی پەیوەست بە مووچە و بوودجە دەگێڕنەوە بۆ حكومەتی عێراقی.
ئێمە لە ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لە ڕوانگەی خەمخۆریمان بۆ پرۆسەی پەروەردە، جارێكی تر حكومەتی هەرێم دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتی و بە نووسراوی فەرمی ئەو داواكارییانەی جێبەجێكردنیان لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە، دەخەینەوە بەردەستتان، بەو ئومێدەی بە زووترین كات جێبەجێ بكرێن و پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە فەوتان ڕزگار بكرێت و بكەوێتە سەر ڕێگا دروستەكەی خۆی، چونكە دڵنیاتان دەكەینەوە تاكە ڕێگەی كردنەوەی دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن، بریتییە لە بەدەمەوەهاتن و جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان، كە بریتین لە:
١ــ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی.
٢ ــ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
٣ ــ دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و ئەو بڕە پارانەی بە ناوی پاشەكەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرجنەكراوەكان لە مووچەكانمان بڕاوە.
٤ــ پێدانی مووچە كە لە ٣٠ ڕۆژ جارێك تێنەپەڕێت.
٥ــ حكومەتی هەرێم ڕێگری نەكات لەوەی لە هەمواری پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقیدا، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەش بكرێت.
لە كۆتاییدا، ئێمە خوازیاری چارەسەركردنی گرفتەكان و بەدەستهێنانی مافەكانمانین، تاكو بتوانین پێكەوە پرۆسەیەكی پەروەردەی تەندروست بخەینەوە سەرپێ، بە پێچەوانەشەوە لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەمان، هیچ ڕێگایەكی ترمان لەبەردەمدا نییە جگە لە درێژەدان بە بایكۆت و ناڕەزایەتییەكانمان، هەموو ڕێكارێكی مەدەنیش دەگرینە بەر بۆ داكۆكی لە مافەكانمان و بەرپرسیارێتی و لێكەوتەكانی بایكۆت و مانەوەی دەرگاكانی خوێندن بەداخراوی بۆ وەرزی دووەم، لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
22/12/2023
تێبینی/ ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەنجوومەنێكی فراوانی نێوان شار و شارۆچكەكانە، لەپێناو هەماهەنگی و بڕیاری پێكەوەییدا لە ٢٠١٦ دامەزراوە، نوێنەرایەتیی شار و شارۆچكەكانی (پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین، ئیدارەی گەرمیان و قەزای كۆیە) دەكات.