پەرەگراف
وەزیری دەرەوەی توركیا جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەكانیان بۆ سەر پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و دەڵێت "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەماهەنگیی تەواومان لەگەڵ هەولێر هەیە". هاكان فیدان، پەكەكە و یەكێتش بە "هاوپەیمان" ناو دەبات و دەڵێت "سلێمانی و پەكەكە دژی هەولێرن".
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕۆژی چوارشەممە 3-1-2024، لەگەڵ ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنووسان كۆبووەوە و وەڵامی پرسیارەكانی سەبارەت بە ژمارەیەك بابەت دایەوە، لەناویاندا دۆسیەی پەكەكە و هەڵابژاردنی كەركووك هەبوون.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركی، وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانیان بۆ سەر پەكەكە ڕایگەیاندووە "لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەماهەنگیی تەواومان لەگەڵ هەولێر هەیە. بە تایبەت سەبارەت بە پەكەكە، ئەوان هەستیارییەكانی ئێمەیان تەواو لەبەرچاوە".
هاكان فیدان باس لە هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەكەكە دەكات و دەڵێت "هاوكارییەكانی ئەوان لەگەڵ ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت و لە گوتنی ئەوەدا هیچ زیانێك نابینم. دەزانن كە پەكەكە لە هەمانكاتدا هێرشیش دەكاتە سەر هەولێر".
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان پەكەكە و یەكێتیش، وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت "لە ئێستادا پەكەكە لەگەڵ سلێمانی، واتە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێككەوتنێكی هەیە". بانگەشەی ئەوەش دەكات كە "ڕێككەوتنی پەكەكە و یەكێتی دژ بە پارتی دیموكراتی كوردستانە و سلێمانی و پەكەكە دژ بە دەسەڵاتی هەولێرن". ئەوەش بە "كێشەیەكی گەورە" ناو دەبات.
وەزیری دەرەوەی توركیا جارێكی دیكە ئاماژەی بە بوونی پەكەكە لە "مەخموور و شنگال" كرد و ئەوەی بە "داگیركردنی خاكی عێراق" ناو برد. وتیشی "ئێستا پەكەكە بڵاوە بە هێزەكانی دەكات و ناوچەی نوێ داگیر دەكات. لە مەخموور، سلێمانی، زاخۆ، قەندیل و لە زۆر شوێنی دیكە هەیە".
فیدان بوونی پەكەكەی لەو شوێنانە بەستەوە بە بابەتی (ڕێگەی گەشەپێدان)ـەوە و وتی "لە كاتێكدا ئەو پەكەكە لەوێیە، چۆن سەرمایەگوزاری لەو شوێنانە دەكرێت؟ هەر لەبەر ئەوەیە كە دەبێت ئەوانە لەسەر ڕێگە هەڵبگرین".
دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك، هاكان فیدان جەختی لە "گرنگیی پرسی كەركووك" كردووەتەوە و دەڵێت "بینیمان كە دەنگەكانی یەكێتیی نیشتمانی زیادی كردووە".
سەبارەت بە ویستی وڵاتەكەی لە كەركووك، فیدان دەڵێت "ویستی ئێمە ئەوەیە درێژە بە ڕێساكەی پێشوو بدرێت، واتا درێژەدان بە سیستمی دانانی پارێزگار بە نۆرەی لایەنەكانی ئەو شارە گرنگە".