پەرەگراف
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبوونەوەو بارەگای بارزانی دەڵێت، دوایین پێشهات و هەڕەشە ئەمنییەكان و پێویستیی دانانی سنوورێك بۆ هەڕەشە ئەمنییەكان و هەروەها هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵیان تاوتوێ کردووە.
ئەو کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراوی میلیشیا شیعەکانی عێراق بۆسەر هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی دوو مانگ و نیودا زیاتر لە ٣٠ جار درۆنی بۆمبڕێژکراویان ئاڕاستەی فڕۆکەخانەکانی هەولێرو هەریر کردووە.
میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران ١٠ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، هێرشی فراوانیان دەستپێکرد بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە، لەو چوارچێوەیەداو بە پاساوی لێدان لە ئەمەریکییەکان هێرش دەکەنەسەر هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارێکی پەیمانگای واشنتۆن، میلیشیاکان ١٧ جار هێرشی درۆنییان کردووەتەسەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ١٤ هێرشی دیکەشیان کردووەتەسەر فڕۆکەخانەی هەریر هەر بە پاساوی لە هێزەکانی ئەمەریکا، چەند جارێکیش درۆنەکانیان بەر باڵەخانەو شوێنی مەدەنی کەوتوون.
هاوکات شەوی 30-12-2023 بە "دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو" هێرشیان کردەسەر بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر ڕێگای هەولێر-پیرمام کە ڕێگای چوونەبەرەو بارەگای بارزانی، ئەوەش یەکەمجار بوو لەدوای چڕبوونەوەی پەلامارە درۆنییەکان هێزەکانی پێشمەرگە بکرێنە ئامانج.
بە ئامانجگرتنی بارەگای پێشمەرگە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوەو حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، میلیشیاکان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداریی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ سزادانی ئەو گرووپانە و، هەر وەڵامدانەوەیەكیش لە كات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆیان دەزانن.
ئەمەریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت کە "بە هێرشی ئێران" ناویان دەبات، بۆ ئەوەش داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هێرشەکان ڕابگرێت و میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکات، هەرچەندە عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات و بە تیرۆریستی لەقەڵەمیان دەدات، بەڵام توانای بەسەر میلیشیاکاندا ناشکێت و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئەمەریکا چەند جارێک بۆدرومانی بارەگای ئەو گروپانەی کردووەو چەندین چەکداری سەر بە بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی کوشتووە کە بەشێکن لە بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی.