دوو تەقینەوە لە نزیك گۆڕی قاسم سولەیمانی ڕوویان دا؛ ٢٧٤ كوژراو و برینداری لێ‌ كەوتەوە

03-01-2024 03:38

پەرەگراف

دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە شاری كرمانی ئێران ڕوویان دا. وەزارەتى تەندروستیى ئێران دەڵێت "٢٧٤ كەس كوژراون و بریندار بوون".

تەقینەوەكە هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی مەراسیمی چوارەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و هەزاران كەس بۆ بەشداری لە ساڵیادەكە ڕوویان لەو شوێنە كردووە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیك لە سوپای پاسداران، تەقینەوەكانی بە "تیرۆریستی" ناو بردووە و لە زارى شایەتحاڵەکانەوە بڵاوى کردووەتەوە کە تەقینەوەکان لە ڕێگەى "جانتاى بۆمبڕێژکراو" ئەنجام دراون.

دەزگاى فریاگوزاریى خێراى ئێران کە سەر بە وەزارەتى تەندروستیى ئەو وڵاتەیە، ڕایگەیاند "لە تەقینەوەکاندا ١٠٣ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٧١ کەس بریندار بوون".