سێ پڕۆژە بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ پاراستنی هەولێر لە لافاو جێبەجێ دەکرێن
پەرەگراف
بە گوژمەى زیاتر لە 2 ملیار دینار سێ پڕۆژەی ستراتیژی بۆ پاراستنی شاری هەولێر و دەوروبەری لە کاریگەرییەکانی لافاو جێبەجێ دەکرێن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، لەپێناو پاراستنی شاری ھەولێر و دەوبەری لە کاریگەرییەکانی لافاو بە گوژمەی 2 ملیار و 100 ملیۆن دینار سێ پڕۆژەی ستراتیژی خراونەتە بواری جێبەجێکردن، "کە پێکهاتوون لە کۆنکرێتی ڕێڕەوی سروشتی لە گردجووتیار، کۆنکرێت کردنی ڕێڕەوی سروشتی کۆڕنیش نزیک شاری زیلان و دروست کردنی پردێکی ھەشت چاوە لە گوندی تەندورەی سەر بە ناحیەی شەمامک".
لەئێستادا ھەرسێ پڕۆژەکە لە ژێر جێبەجێکردندان و مەبەست لە ئەنجامدانیان پاراستنی شاری ھەولێر و دەوروبەریەتی لە زیانەکانی لافاو، بە وتەی پارێزگاری هەولێر، دوای تەواوبوونیان کاریگەرییان دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو.
"ئەو سێ پڕۆژەیە ڕێڕەوی ئاوی باران چارەسەر دەکەن، ساڵانە بەھۆی بارانی زۆرەوە ئاوێکی زۆر لەو ڕێڕەوانە دەردەچێت، پێویست بوو حکوومەت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە چارەسەری ئاوی سروشتی بکات و ئەو ناوچانە پارێزراوبن" ئومێد خۆشناو وادەڵێت.
كێشەی ئاوەڕۆی هەولێر و دروستبوونی لافاو لە وەرزی بارانباریندا دەبێتە جێی باسوخواس، بەتایبەت دوای ئەوەی ناوەڕاستی مانگی ١٢ی ٢٠٢١ لافاو لە ھەولێر ژمارەیەكی زۆر قوربانی و زیانی ماددیی گەورەی بەدوادا هات، کە ١٢ کەس بەھۆیەوە گیانیان لەدەستدا.