میلیشیا شیعەکان زیاتر لە ٣٠ جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتەسەر هەرێمی کوردستان

02-01-2024 04:37
درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر 31-12-2023

پەرەگراف

هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراوی میلیشیا شیعەکانی عێراق بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامەو لە ماوەی دوو مانگ و نیودا زیاتر لە ٣٠ جار درۆنی بۆمبڕێژکراویان ئاڕاستەی فڕۆکەخانەکانی هەولێرو هەریر کردووە.

ئەمڕۆش هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراویان تێکشکاندو خستیانە خوارەوە، دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند، درۆنەکە "لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرا".

میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران ١٠ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، هێرشی فراوانیان دەستپێکرد بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە، لەو چوارچێوەیەداو بە پاساوی لێدان لە ئەمەریکییەکان زیاتر لە ٣٠ هێرشیان کردووەتەسەر هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئامارێکی پەیمانگای واشنتۆن، میلیشیاکان ١٧ جار هێرشی درۆنییان کردووەتەسەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ١٤ هێرشی دیکەشیان کردووەتەسەر فڕۆکەخانەی هەریر هەر بە پاساوی لە هێزەکانی ئەمەریکا، چەند جارێکیش درۆنەکانیان بەر باڵەخانەو شوێنی مەدەنی کەوتوون.

هاوکات شەوی 30-12-2023 بە "دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو" هێرشیان کردەسەر بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر ڕێگای هەولێر-پیرمام، ئەوەش یەکەمجار بوو لەدوای چڕبوونەوەی پەلامارە درۆنییەکان هێزەکانی پێشمەرگە بکرێنە ئامانج.

بە ئامانجگرتنی بارەگای پێشمەرگە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوەو حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، میلیشیاکان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداریی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ سزادانی ئەو گرووپانە و، هەر وەڵامدانەوەیەكیش لە كات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆیان دەزانن.

ئەمەریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت کە "بە هێرشی ئێران" ناویان دەبات، بۆ ئەوەش داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هێرشەکان ڕابگرێت و میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکات، هەرچەندە عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات و بە تیرۆریستی لەقەڵەمیان دەدات، بەڵام توانای بەسەر میلیشیاکاندا ناشکێت و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئەمەریکا چەند جارێک بۆدرومانی بارەگای ئەو گروپانەی کردووەو چەندین چەکداری سەر بە بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی کوشتووە کە بەشێکن لە بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی.