درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی هەولێر خرایە خوارەوە

02-01-2024 11:45

پەرەگراف

دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر: 9:52، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.

میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران لە دوو مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریر بە پاساوی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، چەند جارێکیش درۆنەکانیان بەر باڵەخانەو شوێنی مەدەنی کەوتووە.

هاوکات شەوی 30-12-2023 بە "دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو" هێرش كرایە سەر بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە هەولێر. حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی كرداری لە سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین لە سزادانی ئەم گرووپانە و هەر وەڵامدانەوەیەكیش لە كات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین".

مەسرور بارزانی نیگەرانیی قووڵی خۆی ڕاگەیاند بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە هەولێرو داوای هەڵوێستی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و وتی: میلیشیاکان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.

هاوکات شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، هێرشە درۆنییەكی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر بە "تاوانكار"ـی ناو دەبات و ڕایگەیاند كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانی كردووە بە دەزگا ئەمنییەكان "لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر" لەبارەی هێرشەكەوە بكەن.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "كاتژمێر 07:30 خولەكی دوێنێ، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان شوێنێكی كردووەتە ئامانج كە یەكەكانی پاسەوانی سنووری هەرێمی كوردستانی عێراقی لێ بووە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، "ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە" فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق فەرمانی كردووەكە "لێكۆڵینەوەیەكی ئەمنیی گشتگیر لەو ڕووداوە تاوانكارییە بكرێت. هەروەها دەزگا ئەمنییەكانی ڕاسپاردووە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكە".

ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت کە بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، بۆ ئەوەش داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هێرشەکان ڕابگرێت و میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکات، هەرچەندە عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات و بە تیرۆریستی لەقەڵەمیان دەدات، بەڵام توانای بەسەر میلیشیاکاندا ناشکێت و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023وە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان ناو ناوە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"و لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، ئەنجامدانی دەیان هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئەمەریکا چەند جارێک بۆدرومانی بارەگای ئەو گروپانەی کردووەو چەندین چەکداری سەر بە بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی کوشتووە کە بەشێکن لە بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی.