پەرەگراف
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی "پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران" بڵاو كردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەكە 333 كۆڵبەر لە ئێران كوژراون و بریندار بوون، 823 بەندكراو لە سێدارە دراون و 21 چالاكی سیاسی و هاووڵاتیی ناڕازی سزای لەسێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی هەنگاو، لە ساڵی 2023 كوژرانی لانی كەم "122 ژن" لە تەواوی ئێران تۆمار كراوە كە "29 كەس واتە 32%ـی ئەو كوژرانانەی كە ڕووی داوە بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف ئەنجام دراون".
هەنگاو دەشڵێت "547 چالاكوان بە گشتی سزای دوو هەزار و 94 ساڵ و هەشت مانگ بەندكران، 94 ساڵ بەندكرانی هەڵپەسێندراو و 2547 قامچی"یان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەهالە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە 27 هاووڵاتی" بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەكان و "34 بەندكراو" لە بەندیخانەكانی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە و "2341 هاووڵاتی" كە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشكرا كراوە، دەستبەسەر كراون.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "ئاماری پێشێلكرانی مافی مرۆڤ، سەلمێنەری دۆخی تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێرانە. جێبەجێكرانی سزای سێدارە بۆ ژمارەیەكی زۆر لە بەندكراوان، دەستبەسەركران و زۆربوونی توندووتیژی دژ بە چین و توێژە چەوساوەكان وەكوو كۆڵبەرەكان و چالاكانی مەدەنی، وێنەیەكی ئازاربەخش لە پێشێلكرانی بەربڵاوی مافەكانی مرۆڤ نیشان دەدات".
ڕێكخراوەكە سیاسەتی ئێران لە بەرانبەر ژنان، بە "پێشێلكردنی سیستەماتیكی مافەكانی ژنان و كەمینە ڕەگەزییەكان" ناو دەبات دەڵێت "ژیانی ئەوان نەك تەنیا لە گۆڕەپانی سیاسی و ڕێوڕەسمەكانی دەسەڵات، بەڵكوو لە گۆڕەپانی كۆمەڵایەتیش بێبایەخ دەكات".
ئامارەكانی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو:
جێبەجێكرانی سزای سێدارەی ٨٢٣ بەندكراو:
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆماركراوەكان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی كەم سزای سێدارەی ٨٢٣ بەندكراو لە بەندیخانە جیاوازەكانی ئێران جێبەجێكراوە كە ناسنامەی ٦٦٧ كەس لەوان بەتەواوی بۆ هەنگاو ئاشكراكراوە.
لە نێوان سەرجەم ئەو بەندكراوانەی لە سێدارە دراون ٣١ كەسیان بە تۆمەتی چالاكی سیاسی، مەزهەبی و بەشداریكردن لە خۆپێشاندانەكان و ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی و ناڕەزاییەتییەكانی گەڵاڕێزانی ٢٧١٩ لەسێدارە دراون كە ٩ كەس لەو بەندكراوانە كورد بوون.
بەپشتبەستن بە ئامارەكانی هەنگاو، لە ساڵی ڕابردوودا لانی كەم سزای سێدارەی ١٧٩ بەندكراوی بەلووچ واتە ٢١.٥% كۆی حاڵەتەكان و ١٥١ بەندكراوی كورد واتە ١٨.٥% كۆی حاڵەتەكانی لەسێدارەدراوان جێبەجێكراوە. هەروەها ٥٤ بەندكراوی تورك، ٤٨ بەندكراوی لوڕ و ٢٨ بەندكراوی خەڵكی ئەفغانستان لەسێدارە دراون.
هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی كەم ٢٢ بەندكراوی ژن و ٥ منداڵی تاوانبار كە تەمەنیان لە كاتی ئەنجامدانی تاوان ژێر ١٨ ساڵ بووە، لە بەندیخانەكانی ئێران جێبەجێكراوە.
لەكۆی ئەو كەسانەی كە لەسێدارە دراون ٥٧٪ی واتە ٤٦٨ كەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكانەوە لەسێدارە دراون. هەروەها ٢٨٤ كەسیش بە تۆمەتی كوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و جێبەجێكراوە.
كوژران و برینداربوونی لانی كەم ٣٣٣ كۆڵبەر:
بە پشتبەستن بە ئامارەكانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، كوژرانی كۆڵبەرەكان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و ٤١ كۆڵبەر و كاسبكار كوژراون و لانی كەم ٢٩٢ كۆڵبەر برینداركراون.
لە كۆی ئەو كۆڵبەرانەی كە بوونەتە قوربانی ٨٦.٥% (٢٧ كوژراو و ٢٥٨ بریندار) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژراون و یان برینداركراون و باقی حاڵەتەكان بەهۆی تەقینەوەی مین و ڕووداوی سروشتی وەكوو ڕەنووو هەرەسی بەفر و ڕق بردنەوە و … هتد بووە.
هەروەها، كۆڵبەرێكی تەمەن ١٦ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی كوژراوە و ٢٥ منداڵی كۆڵبەریش لە ساڵی پێشوودا برینداركراون.
زیاترین ئاماری كۆڵبەرانی قوربانی كە دەبێت بە ١٧٩ حاڵەت لە پارێزگای سنە بووە و دوای ئەو لە پارێزگای كرماشان كە ١٣٨ كۆڵبەر كوژراون یان برینداركراون.
قوربانیانی مین:
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی كەم ٢٧ هاووڵاتی لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەكان كە لە شەڕی ئێران و عێراق جێ ماون قوربانی بوون كە ٢٦ كەس لەوان هاووڵاتییانی كورد بوون و یەك كەسیش هاووڵاتییەكی عەرەب بووە كە لە شاری شووش بووەتە قوربانی.
لە سەرجەم ئەو ٢٧ كەسەی قوربانی تەقینەوەی مین بوون لانی كەم ٧ كەسیان گیانیان لە دەستداوە و زیاترین قوربانییان بە ١٤ حاڵەت هاووڵاتییانی مەدەنی بوون و ١٢ كەس كرێكار و كۆڵبەر بوون. هەروەها یەك كەسیش لە هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بووەتە قوربانی تەقینەوەی مین.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لانی كەم ٤ منداڵ و یەك ژن لە ساڵی ڕابردوودا بوونەتە قوربانی مین كە دەكاتە ١٨.٥% كۆی حاڵەتەكانی قوربانییانی مین لە ئێراندا.
دۆخی بەندكراوان:
لە ساڵی ٢٠٢٣ لانی كەم ٣٤ بەندكراو لە بەندیخانەكانی ئێراندا گیانیان لە دەستداوە كە ١١ كەس لەوان لە ژێر ئەشكەنجە گیانیان لە دەستداوە. لەو ١١ بەندكراوەی لە ژێر ئەشكەنجە گیانیان لە دەستداوە ٨ كەسیان كورد و ٢ كەس بەلووچ و یەك كەس لوڕی بەختیاری بوون.
هەروەها ٧ بەندكراو بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشكی و دواخستن لە گواستنەوەیان بۆ ناوەندە دەرمانییەكان و باقی حاڵەتەكان بەهۆی ژەهراوی بوون و خۆكوشتن و تێكچوون لەگەڵ بەندكراوانی دیكەدا گیانیان لەدەستداوە.
زیاتر لە ٢٧%ی بەندكراوان كە لە ساڵی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە واتە ٩ كەس بەندكراوی سیاسی بوون كە ٥ كەسیان لە بەندكراوانی كورد، ٢ كەس بەلووچ و دوو كەس بەندكراوی لوڕی بەختیاری و گیلەك گیانی خۆیان لە دەستداوە.
دەستبەسەركرانە نایاساییەكان، ئاشكراكردنی ناسنامە ٢٣٤٢ كەس:
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆماركراوەكان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی كەم ٢٣٤٢ هاووڵاتی كە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشكراكراوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەركراون و یان ڕفێندراون.
لە سەرجەم ئەو كەسانەی دەستبەسەركراون ١٠٢٥ كەس واتە ٤٢% هاووڵاتییانی كورد و ٦٠٧ كەس یانی ٢٦% هاووڵاتییانی بەلووچ بوون. هەروەها ٩٤ كەس هاووڵاتی لوڕ و ٨٧ هاووڵاتی تورك لە ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەركراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٢١٤ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ دەستبەسەركراون كە ١٤٢ كەسیان هاووڵاتییانی بەلووچ، ٥٤ كەس كورد و ١٦ كەس خەڵكی ناوچەكانی دیكەی ئێران بوون.
لە سەرجەم دەستبەسەركرانەكاندا ٣٢٣ كەس ژن، ٦٣ كەس مامۆستای قوتابخانە و مامۆستای زانكۆ، ٤٥ كەس خوێندكار و ١٠٩ كەس لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەكان بوون.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لانی كەم ١٨٤ چالاكی مەزهەبی دەستبەسەركراون كە ٩٠ كەس لەوان چالاكی بەهایی بوون و باقی حاڵەتەكان لە چالاكانی سوننی لە كوردستان، ئەهواز، بەلووچستان بوون و چەند هاووڵاتیی مەسیحی، یەهوودی و پەیڕەوی ئایینی یارسانیش دەستبەسەركراون.
دەركردنی سزای سێدارە بۆ ٢١ چالاكی سیاسی و بەندكردن و قامچی بۆ ٥٤٧ چالاكی سیاسی، ئایینی و مەدەنی
لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی كەم ٥٦٨ چالاكی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لەلایەن دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لێپرسینەوەیان لێكراوە و سزای بەندكران، سێدارە و قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ژمارەیە ٢١ كەسیان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
لەو ٢١ هاووڵاتییەی كە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە دوو كەسیان لە بەندكراوانی گیلەك بوون بە ناوەكانی مێهدی محەممەدیفەرد و جەواد ڕووحی كە سزاكەیان لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە. جەواد ڕووحی دواتر بە شێوەیەكی گوماناوی لە بەندیخانە گیانی لەدەستدا. لەو ١٨ بەندكراوە لانی كەم ٧ كەس بەندكراوی سیاسی كورد بوون كە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، نەسرین نەمازی، بەندكراوی سیاسی تورك كە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو سزای سێدارەكەی لە دوایین ڕۆژەكانی ساڵی ٢٠٢٣دا جێبەجێكرا.
هەروەها ١٣ كەس لەو بەندكراوانە بە تۆمەتی بەشداریكردن لە ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە كە سزای دوو كەس لەوان هەڵوەشێندراوەتەوە و سزای ٦ كەسیان جێبەجێكراوە.
بەپشتبەستن بە ئامارەكانی هەنگاو، لانی كەم ٥٤٧ چالاكی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندكران، قامچی و بێبەشبوونی كۆمەڵایەتییان بەسەریدا داسەپێندراوە. زیاتر لە ٤٠%ی ئەو چالاكانەی كە سزای بەندكران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە هاووڵاتییانی كورد بوون، كە ٢١٦ كەسن. ١٠٤ كەس لە كەمینە نەتەوەیی و ئیتنیكییەكانی دیكە وەكوو هاووڵاتییانی توركی ئازەری، بەلووچ، عەرەب، لوڕی بەختیاری و گیلەك بوون. هەروەها لە نێوان كەمینە ئایینییەكاندا زۆرترین حاڵەتەكان ٦٤ هاووڵاتیی بەهایی بوون.
ئەو ٥٤٧ چالاكە سەرجەم بە تۆمەتی چالاكی سیاسی، مەزهەبی، مەدەنی، ژینگەپارێزی و پیشەیی سزای دوو هەزار و ٩٤ ساڵ و ٨ مانگ بەندكرانیان بەسەردا سەپێندراوە و ٥٠ كەسیان بریتی لە ٣٧ چالاكی كورد سەرجەم لێدانی ٢٥٤٧ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ٣٠ كەس لەوان بێجگە لە سزای بەندكران و قامچی سەرجەم سزای ٩٤ ساڵ بەندكرانی هەڵپەسێندراویان بەسەردا سەپێندراوە.
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣، لانی كەم ٥ منداڵ لەلایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندكران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە كە هەموویان هاووڵاتییانی كورد بوون و ١٤٤ ژنیش سزای بەندكران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە كە دەكاتە ٢٥.٥% گشت ئەو چالاكانەی سزای بەندكران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
كوژرانی ١٢٢ ژن لە ساڵی ڕابردوو:
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆماركراوەكان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ لانی كەم ١٢٢ ژن لە تەواوی ئێران تۆماركراوە كە ٢٩ كەس واتە ٣٢%ی ئەو كوژرانانەی كە ڕووی داوە بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف ئەنجامدراوە.
بەپێی ئەو ئامارە، زیاترین ژنانی كوژراو لە پارێزگاكانی تاران، ئەلبۆرز، ئورمیە، كرماشان و فارس بوون.
هەروەها زیاترین ژنانی كوژراو، لەلایەن هاوسەر، هاوسەری پێشوو، باوك، برا و ئەندامانی دیكەی بنەماڵەیانەوە كوژراون.