درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی هەولێر خرایە خوارەوە

31-12-2023 05:42

پەرەگراف

دژەتیرۆری کوردستان پارتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 16:54، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.

شەوی ڕابردووش بە "دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو" هێرش كرایە سەر بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە هەولێر. حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی كرداری لە سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین لە سزادانی ئەم گرووپانە و هەر وەڵامدانەوەیەكیش لە كات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین".

مەسرور بارزانی نیگەرانیی قووڵی خۆی ڕاگەیاند بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە هەولێرو داوای هەڵوێستی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و وتی: میلیشیاکان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.

هاوکات شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، هێرشە درۆنییەكی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر بە "تاوانكار"ـی ناو دەبات و ڕایگەیاند كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانی كردووە بە دەزگا ئەمنییەكان "لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر" لەبارەی هێرشەكەوە بكەن.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "كاتژمێر 07:30 خولەكی دوێنێ، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان شوێنێكی كردووەتە ئامانج كە یەكەكانی پاسەوانی سنووری هەرێمی كوردستانی عێراقی لێ بووە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، "ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە" فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق فەرمانی كردووەكە "لێكۆڵینەوەیەكی ئەمنیی گشتگیر لەو ڕووداوە تاوانكارییە بكرێت. هەروەها دەزگا ئەمنییەكانی ڕاسپاردووە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكە".