مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: سوودانی بڕیاری دا کێشەی مووچە بۆ ساڵی نوێ چارەسەر بکرێت
پەرەگراف
نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی ئاشکرا کرد و ڕایدەگەیەنن سەرۆکوەزیرانی عێراق "شەش بڕیار"ـی داوە کە یەکەم بڕیاریان "چارەسەرکردنی کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانە بۆ ساڵی نوێ".
ئەمڕۆ نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتیان "داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانمان بەوپەڕی ئەمانەتەوە گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق، دۆخی خراپی مامۆستایان، مامۆستایانی وانەبێژ، فەرمانبەران و خانەنشینانمان بۆ ڕوون کردنەوە".
وەکوو خۆیان دەڵێن لە کۆبوونەوەکەدا داوایان کردووە بەزووترین کات چارەسەری "کێشەی دواکەوتنی مووچە و پلەبەرزکردنەوە" یەکلا بکاتەوە، تاوەکوو دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە. هەرووەها داوایان کردووە "مووچە بەنیشتمانی بکرێت و بگوازرێتەوە سەر عێراق، مووچەی خانەنشینی هاوتا بکرێت بە عێراق، هاووڵاتیانی هەرێمیش وەکوو ناوچەکانی نەوەڕاست و خوارووی عێراق سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان".
نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایانگەیاند کە هەر لە دانیشتنەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم بڕیارانەی دا:
1- بۆ ساڵی نوێ کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
2- هەمواری یاسا بودجەی گشتی لە حکومەت ئامادەیە و ڕۆژی 9-1-2024 لە پەرلەمان دەبێت و لە ماوەیەکی کەمدا هەموار دەکرێتەوە.
3- مامەڵەی یەکسان لەگەڵ فەرمانبەرانی سەرجەم پارێزگاکان دەکات.
4- لقی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
5- فشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
6- چارەسەرکردنی بابەتی جیاوازیی نرخی سووتەمەنی و بەشەخۆراکی هاووڵاتیان لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.