میلیشیاكانی نزیك لە ئێران: بنكەی هەریرمان بە درۆن كردە ئامانج؛ دژەتیرۆری پارتی: دەنگەكەی هەولێر درۆن نەبووە

31-12-2023 02:22
لۆگۆى دژەتیرۆرى کوردستان (دژەتیرۆرى پارتى)

پەرەگراف

دژەتیرۆری پارتی ڕەتی دەكاتەوە ئەو دەنگە گەورەیەی لە گەڕەكێكی هەولێر بیستراوە و زیانی ماددیشی لێ‌ كەوتەوە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بووبێت و دەڵێت "تەقینەوەی نارنجۆك بووە". ئەمە لە كاتێكدایە كە هاوكات میلیشیاكانی نزیك لە ئێران ئەنجامدانی هێرشێكیان بە درۆن بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەریر ڕاگەیاند و میدیای نزیك لە سەرۆكی هەرێمیش ڕووداوەكەی بە "كەوتنەخوارەوەی درۆن" ناو برد.

لە دەوروبەری بانگی عیشای شەوی شەممە 30-12-2023، لە گەڕەكی قەڵای نوێ لە هەولێر دەنگێكی گەورە بیسترا و هاوكات جامی ئۆتۆمبێلێك و جامخانەی چەند دووكانێك شكان، بەڵام زیانی گیانیی نەكەوتەوە.

بەشێك لە شایەتحاڵانی ڕووداوەكە وتیان "دەنگەكە زۆر گەورە بوو، بەڵام ئاسەوار و پاشماوەی هیچ تەقینەوە یان درۆنێك لە ناوچەكە نەبینراوە".

كەناڵی ڕووداو بڵاوی كردەوە "بەپێی زانیارییەكانی ڕووداو، درۆنێك لە باكووری ئاسمانی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە پێكرابوو، دواتر لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە گەڕەكی قەڵاتی نوێ كەوتە خوارەوە".

لە كاتژمێر 6:57 خولەكیشدا بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە عێراق كە لە گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران پێك دێت، ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دەڵێت "موجاهیدەكانمان بنكەی هەریریان لە هەولێر بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردە ئامانج".

بەڵام دواتر دژەتیرۆری پارتی لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "دەنگی تەقینەوەیەك لە گەڕەكی قەڵاتی نوێ لە شاری هەولێر بیسترا و لە چەند دەزگایەكی میدیایی وا بڵاو كرایەوە كە لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كراوەتە سەر هەولێر، لای خۆمانەوە ڕایدەگەیەنین ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە".

دژەتیرۆری پارتی ڕووداوەكەی بە "تەقینەوەی نارنجۆكێك" ناو بردووە و دەڵێت "دەزگا ئەمنییەكان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن".