زیاتر لە ٧ هەزار مۆلیدەی ئەهلیی لە هەرێم کاردەکەن و داهاتی ساڵانەیان ٧٢٦ ملیار دینارە
پەرەگراف
بەپێی ڕووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ٧ هەزارو ٣٥٤ مۆلیدەی ئەهلیی لە هەرێمی کوردستان هەن و کۆی داهاتی ساڵانەیان ٧٢٦ ملیارو و ٣٠٨ ملیۆن دینارە.
ڕووپێوییەکە ساڵی ٢٠٢١ دەستکراوە بە کارکردن تێیداو کۆکردنەوەی ئامارو داتاکان و ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، ٧ هەزارو ٧٤٦ کەس وەک کارمەند لە مۆلیدەکان کاردەکەن کە ١٦٦یان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیەو ٨٤ کەسیشیان تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ زیاترە، کۆی مووچەی ساڵانەی سەرجەم کارمەندان نزیکەی ٣٦ ملیارو ٤٩٦ ملیۆنەو تێکڕای مووچەی مانگانەیان ٣٩٢ هەزار دینارە.
هەربەپێی ڕووپێوییەکە، مۆلیدەکان لەسەدا ٩٠یان لە ناو شارەکانن و لەسەدا ١٠یان لە گوندەکانن، زۆرترین مۆلیدەش لە هەولێرە کە ٣ هەزارو ٧٧٦ مۆلیدەیەو پاشان لە دهۆک هەزارو ٨١٩ و دواتر لە سلێمانی هەزارو ٧٥٩ مۆلیدە هەن، مۆلیدەکان لەلایەن ٣ هەزارو ١٠٨ کەسەوە خاوەنداریی دەکرێن و لەو ژمارەیە تەنها ١٤یان ئافرەتن کە سەرجەم ئافرەتەکان لە پارێزگای سلێمانین.
لە سەدا ٦٦ی مۆلیدەکانیش دروستکراوی وڵاتی سویدن کە ٤ هەزارو ٨٢١ مۆلیدەن، پاشان ئەڵمانیا دێت بە ٩٩٧ مۆلیدەو کەمترینیش یابانین کە تەنها ٧ مۆلیدەن.
ڕووپێوییەکە ئاماژە بە زیانەکانی مۆلیدەکان دەکات بۆ سەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ، چەند پێشنیارێکیش دەکات بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان وەک؛ دوورخستنەوەی مۆلیدەکان لە شوێنی نیشتەجێبوون و دانانی فلتەرو دانانی مۆلیدەی دۆستی ژینگەو پەرەپێدانی سەرچاوەکانی دیکەی وزەی جێگرەوە تا لابردنی مۆلیدەکان و پشتبەستن بە کارەبای نیشتیمانی.
مۆلیدە ئەهلییەكان لە زۆربەی گەڕەكەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن؛ بە تایبەت لە وەرزەكانی سەرما و گەرمادا زۆرترین كات كار دەكەن، چونكە كارەبای نیشتمانی كەمترە و ئەو بۆشاییە پڕدەكەنەوە، بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف، مۆلیدە ئەهلییەکان کاریگەریی زۆر خراپیان بۆسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە هەیەو سەرچاوەیەکی تووشبوونن بە نەخۆشیی شێرپەنجە.
مۆلیدەکان سەرجەمیان بە گاز كاردەكەن و وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم دەڵێت: ئەو گازەی موەلیدە ئەهلییەكان بەكاریدەهێنن "كوالێتی زۆر خراپە و مەترسییە بۆ سەر ژینگە و تەندروستی".
دەستەی ژینگە ئاگادارە ئەو گازوایلەی مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ ئیشپێكردن بەكاریدەهێنن لە پاڵاوگە نایاساییەكاندا بەرهەم دەهێنرێن، ڕۆنی پیسی ئۆتۆمبێل، تێزاب، خۆڵ و چەند مادەیەكی دیكەی كیمیایی تێكەڵ دەكەن و ئەو جۆرە گازە خراپەی لێ بەرهەم دەهێنن.
ڕەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم بە پەرەگرافی وت، ئەو گازوایلەی بەشێك لە پاڵاوگە ناوخۆییەكان بەرهەمی دەهێنن چەند ماددەیەكی ژەهراوییەو تەنها ناوی گازوایلە، لەبەرئەوەی نرخەكەشی هەرزانە خاوەن مۆلیدەكان دەیكڕن و بۆ ئیشپێكردن بەكاریدەهێنن.
ڕۆژانە لە پاڵاوگە نایاساییەكاندا لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك، چەندین جۆر گازوایل و بەرهەمەكانی تری نەوت بەبێ چاودێرییو كوالێتیی بەرهەم دەهێنرێن و دەخرێنە بازاڕەكانەوە، لەبەرئەوەی كوالێتییان زۆر خراپە لە بەنزینخانەكان وەرناگیرێن و بەزۆریی مۆلیدە ئەهلییەكانی گەڕەكەكان بۆ كارپێكردنیان بەكاریدەهێنن.
سەنگەر ساڵح، سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی سەڵاحەدین كە توێژینەوەیان كردووە لەسەر كوالێتیی گازوایلەكان و كاریگەرییان لەسەر ژینگە بۆ پەرەگراف وتی "ئەو گازەی مۆلیدە ئەهلییەكان دەیكەنە هەواوە كارەساتە و ئەو گازوایلەی بۆ ئیشپێكردنی مۆلیدە ئەهلییەكان لەشارەكانی هەرێم بەكاردەهێنرێن سەدا 95ـیان نەك كوالێتی ستاندەردی جیهانی، كوالێتی ستاندەردی عێراقیشیان نییە و لەگەڵ هیچ جۆرە كوالێتییەكدا یەك ناگرنەوە".
ئەو پسپۆڕەی كیمیا وتیشی، هیچكام لە گازوایلە ناوخۆییەكان لە تاقیگە دەرناچن و زۆرخراپن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە؛ بەنزین و گازوایل ئەگەر كوالێتییەكەی بەپێی ستانداردە جیهانییەكانیش بێت، مادەیەكی هاندەرە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە.
چنار سنجاوی، سەرۆكی بەشی كۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پەرەگراف-ـی وت، "ئەو ماددە كیمیاییانەی تێكەڵی گازوایل دەكرێن ڕاستەوخۆ كاریگەری نەرێنییان لەسەر تەندروستی مرۆڤ و بەتایبەت منداڵان و هەروەها توشبوون بە شێرپەنجە هەیە".
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ڕابردودا شەش هەزار و 293 توشبوی شێرپەنجە لە هەرێم تۆماركراون كە زیاتر لە نیوەیان ژنانن.