نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەگەڵ سوودانی كۆبوونەوە و دەڵێن: هەواڵی خۆش هەیە
پەرەگراف
نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی یاداشتێكیان بۆ گواستنەوەی مووچەكانیان بۆ سەر حكومەتی فیدراڵی و چەند داواکارییەکى دیکە، دایە سەرۆكوەزیرانی عێراق و دەڵێن "هەواڵی خۆش بەڕێوەیە". ئەندامێکى پێشووى پەرلەمان دەڵێت "سوودانى بەڵێنى چارەسەر و هەنگاوى کرداریى داوە".
ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەغداد، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم كرد.
دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەبێ ئاشكراكردنی وردەكاریی كۆبوونەوەكە، دەڵێت "هەواڵی خۆش بەڕێوەیە".
سامان عەلی، یەكێك لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە، دەڵێت "وردەكاریی كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە سلێمانی ڕادەگەیەنین".
دیدارەكە لەلایەن د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و د. غالب محەمەد و یوسرا ڕەجەب، ئەندامانی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ مامۆستایانی ناڕازی ڕێكخراوە.
غالب محەمەد لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی یاداشتێكیان پێشكەش بە سەرۆكوەزیران كرد، كە چەندین داواكاریی تێدایە، وەكوو گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر عێراق و مووچەكانیان لەسەر بانكی عێراقی وەرگرن، كردنەوەی لقی بانكی ڕەشید و ڕافدین لە هەرێم و دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژەكان".
هەروەها عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "مامۆستایانی ناڕازی خواست و داواكاریی موچەخۆران و كوردستانیان بە ڕوونی گەیاندە سەرۆكوەزیران، دیاریكردنی گرفتەكان و نەخشەڕێگای چارەسەریان خستووەتە ڕوو، لە سەرووی هەمووییەوە چارەسەری گرفتی مووچەیە".
بە قسەی عەلی حەمەساڵح، سوودانی "بەڵێنی چارەسەر و هەنگاوە كردارییەكان"ـی بە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوە.
پێشتریش نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سەردانی بەغدادیان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار و بەرپرسانی عێراق كۆبوونەوە. هەروەها لەوێ گردبوونەوەیان ئەنجام دا.
هاوكات لە دادگای فیدراڵی دوو سكاڵایان تۆمار كردووە بۆ پێدانی مووچەكانیان بە 30 ڕۆژ جارێك و گەڕاندنەوەی مافی پلەبەرزكردنەوە بۆیان.
حكومەتی هەرێم دژی پێدانی ڕاستەوخۆی مووچەیە لەلایەن بەغدادەوە و بە "نادەستووری" ناوی دەبات، بەرپرسیارێتیی نەدان و دواكەوتنی مووچەیش دەخاتە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵی.