بازرگانێكی دیکەی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیر كرا

30-12-2023 01:29
ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر کە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەردا گرتنی ڕاگەیاندن، 9-11-2023

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، بازرگانێکی دیکەی نێودەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر دەستگیرکرد و دەستی بەسەر 136 کیلۆگرام حەبی هۆشبەردا گرت.

ئەوە دووم بازرگانی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەرە کە لەماوەی 10 ڕۆژدا لە هەولێر دەستگیر بکرێت و لەماوەی ئەم ساڵدا نزیکەی یەک تۆن و نیو حەبی مەترسیداری هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە کە بە دەنک زیاتر لە 10 ملیۆن دانە حەب دەکات.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت "لە بەردەوامی هەوڵەکانمان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە شەوی 29/ 30ـی 12ـی 2023، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام، کە زیاتر لەمانگێکی خایاند، هەروەها دوای ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی نەینەوا و یەکگرتنەوەی زانیارییەکان و پشتڕاستکردنەوەی، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان توانرا بازرگانێکی نێودەوڵەتی بیانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر دەستگیر بکرێت".

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەشڵێت، لەم چالاکیەدا بڕی (136 کیلۆگرام) حەبی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆن دەستی بەسەرداگیرا.

لە 20ی ئەم مانگەشدا بازرگانێکی دیکەی نێودەوڵتی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیر کراو دوای لێکۆڵینەوەو هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، "توانرا بڕی (100کیلۆگرام) حەبی کە پتاگۆن لە پارێزگای زیقار دەستی بەسەردا بگیرێت، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا لەگەڵ هەمان تۆمەتبار توانراوە بڕی (76 کیلۆگرام)ـی تریش لە هەمان ماددە دەستی بەسەردا بگیرێت و کە کۆی گشتی ماددەی دەستبەسەردا گیراو بووەتە (176)کیلۆگرام" بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان وادەڵێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت "بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، لەم ساڵەدا لەلایەن بەرێوەبەرایەتییەکەمان چەندین بڕی تر لەم جۆرە حەبە مەترسیدارە کە نزیکەی یەک تۆن و نیو دەبێت (کە بە دەنک زیاتر لە 10 ملیۆن دانە حەب) دەکات، توانراوە دەستی بەسەردا بگیرێت لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی".

"بەکارهێنانی ئەم حەبە لەلایەن ئاڵوودەبوانەوە لە هەرێمی کوردستان زۆر کەم و سنوورداربووە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە زۆرەو لە ماوەی یەک ساڵدا بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵی جددی هەبووە بۆ ئەوەی کە لە هەرێمیش کەسانێک فێری بازرگانی و بەکارهێنانی ئەم جۆرە حەبە مەترسیدارە بکرێت" بەڕێوەبەرایەتی نەهیشتنی ماددەهۆشبەرەکان وادەڵێت.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش ئاسایشى هەولێر دەستگیرکردنى "15 بازرگانى ماددەى هۆشبەر"ـى لە ماوەى یەک مانگدا ڕاگەیاند. 14ـى ئەم مانگەیش دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی، ئاماری کار و چالاکییەکانی ئەمساڵی بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەکە دەستبەسەر 389 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە و 84 بازرگان دەستگیر کراون.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، لە ماوەی هەشت ساڵ و لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2023، بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان "زیاتر لە 14 هێندە زیادی كردووە، بە ڕێژەی سەديیش، لەسەدا هەزار و 420 بەرز بووەتەوە".

هەروەها ژمارەی سزادراوانی ماددەی هۆشبەر لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان و ئاماری بازرگانی پێوەكردن و ئالوودەبوون ڕوو لە "هەڵكشانی مەترسیدار"ن. ماددەی هۆشبەر بە نهێنی دەبرێتە ناو چاكسازییەكان بۆ تووشبووان.

بەپێی نوێترین ئامار كە كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان لە 18-10-2023 ڕایگەیاند، لە كۆی "پێنج هەزار و 283 سزادراو لەناو چاكسازییەكانی هەرێمدا، هەزار و 97 كەسیان بە تاوانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان سزادراون، كە دەكاتە یەك لەسەر پێنجی سەرجەم سزادراوانی ناو چاكسازییەكان".

سزادراوانی ماددەی هۆشبەر، "480" كەسیان بازرگان و "617"ی دیكەیان بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرن. لە ڕووی ڕەگەزیشەوە "هەزار و 23" كەسیان لە ڕەگەزی نێر و "74"یان لە ڕەگەزی مێن.

ئەمە جگە لە بەشێكی دیكە لە تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەكان كە هێشتا كەیسەكانیان لە دادگاكاندا یەكلا نەكراونەتەوە و ژمارەیان سەدان كەسە. وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، هەڵكشانی ئاماری بازرگانیكردن و تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر بە "ڕاستییەكی مەترسیدار" ناو دەبات.

"لە كابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێمدا، كۆمپانیاكانی خۆراك، حانووت و كارمەندی چاكسازییەكانیش ماددەی هۆشبەریان بۆ سزادراوەكان بردووەتە ژوورەوە، بەڵام لەم كابینەیەدا ڕێگریمان لەو كارە كردووە و ئەو كارمەندانەی تێوەگلاون، سزا دراون"، كوێستان محەمەد وای وت. لەگەڵ ئەوەشدا نەیشاردەوە كە "هێشتا ئەوانەی لەناو چاكسازییەكاندا ماددەی هۆشبەر بەكار دەهێنن، پەنا دەبەنە بەر كەسوكاریان بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەریان بۆ ببەنە ژوورەوە". 

كێشەیەکی دیكەی بەردەم چارەسەری تووشبووانی ماددەی هۆشبەر، خراپیی بینای چاكسازییەكانە. وەزیری كار دەڵێت "سێ‌ چاكسازیی گەورانمان هەیە كە لە بنەڕەتدا بۆ 900 سزادراو دروست كراون، بەڵام سێ‌ ئەوەندە سزادراویان تێدایە، سێ‌ بینای چاكسازیی ژنان و منداڵانیش هەیە كە لە بنەڕەتدا هەر بۆ چاكسازی دروست نەكراون". 

لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا و لە ساڵی 2020، پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 1ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكانی دەركرد. حكومەتی هەرێم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی لە وەزارەتە جیاوازەكان پێكهێناوە، سندووقێكیش بۆ  پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دروست كراوە، بەڵام هەموو ئەمانە هێشتا نەیانتوانیوە هەڵكشانی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان كەم بكەنەوە كە سەرۆكی حكومەت بە "زەنگی مەترسی بۆ كۆمەڵگە" ناوی دەبات و دەڵێت "هەڕەشە و مەترسییەكانی هیچی لە تیرۆر كەمتر نییە".

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە وتارێكدا لە كۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان 18-10-2023 وتی "هەرێمی كوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەكرێت و هەوڵی لاوازكردنی دەدرێت، یەكێك لە شێوازە مەترسیدارەكانیش ماددە هۆشبەرەكانن، كە یەكێكە لەو چەكانەی بە شاراوە و ئاشكرا بۆ مەبەستی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگەكەمان و لە باربردنی توانا و تەندروستی گەنجان بەكار دەهێنرێت". 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەی خستە ڕوو كە "مافیا و بازرگانەكانی ماددەی هۆشبەر،  سوود لە هەڵكەوتەی جوگرافیی هەرێمی كوردستان وەردەگرن وەكوو دەروازەیەك بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەكان بۆ شوێنەكانی تر".

وتیشی "بەشێك لەو گرووپە چەكدارانەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەروبەر هەن، بەشێكن لە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان".

تەنیا لە سێ‌ هەفتەی یەكەمی مانگی هەشتی ئەمساڵدا، بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیركردنی ٢٠ تۆمەتباری بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەری لەناو شاری سلێمانی ڕاگەیاند.

لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە هەولێر، دەستی بەسەر 270 كیلۆ ماددەی هۆشبەر، 147 هەزار پارچە حەب و شەش هەزار و 555 شرووب و دەرزیی هۆشبەری جۆراوجۆر و شەش هەزار و 632 پایپ (ئەو ئامێرەی ماددەی ‏هۆشبەری پێ‌ دەكێشرێت)دا گرتووە. هەر لە شەش مانگی یەكەمی ‏2023دا، بەڕێوەبەرایەتییەكە 600 پەڕاوی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەری ڕەوانەی دادگاكان ‏كردووە. بە گشتییش 276 بارزگان و 475 بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر ‏دەستگیر كراون. 

بەپێی ئامارەكانی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان كە بەشێك لە چالاكییەكانیان كاركردنە لەسەر ماددەی هۆشبەر، لە ساڵی 2014دا تەنها 142 كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، بەڵام لە ساڵی 2022دا،  2017 كەس دەستگیر كراون.

شیشە، تلیاك، حەشیش، كریستاڵ، كۆكاین، هێرۆیین، ماریوانا و چەندین حەبی جۆراوجۆر، ئەو ماددە هۆشبەران كە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان و لایەنە ئەمنییەكان بە بڕی زۆر دەستیان بەسەر بەشێكیدا گرتووە.

هەرێمی كوردستان پێشتر كاری بە یاسای ژمارە 68ـى ساڵی 1965ـى عێراق دەكرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم دەڵێت "یاسایەكی زۆر توند بوو و سزای زۆر قورسی بۆ بارزگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر تێدا بوو". دواتر پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 1ـى ساڵی 2020ـى بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەركرد، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم ڕەخنەی لێ‌ دەگرێت و دەڵێت "یاسا نوێیەكە سزاكانی سووك كردووە".

عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، وتی "پەرلەمانی عێراق لە 2017 و پەرلەمانی كوردستان لە 2020دا دوو یاسایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەركرد كە لە ناوەرۆكدا هاوشێوەن، تووشبووانی ماددەی هۆشبەر بە نەخۆش هەژمار دەكەن، سزاكانیان سووك كردووە و زیاتر سزای پێبژاردنیان داناوە". ئەو پێی وایە ئەم دوو یاسا بوونەتە هۆی "تەشەنەسەندنی بازرگانی و تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر". 

سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری دەشڵێت "پێویستە سزای بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە پێنج ساڵ زیندانی كەمتر نەبێت و بۆ بازرگانەكانیش پێویستە سزاكە زیندانیكردنی هەتا هەتایی و لەسێدارەدان بێت".