وتەبێژی حكومەتی هەرێم: هیچ بارەگا و بنكەیەكی ئیسرائیل لە هەرێمدا بوونی نییە

29-12-2023 10:34

پەرەگراف

پاش ئەوەی گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران بانگەشەی ئەوەیان كرد كە "ناوەندێكی سیخوڕیی ئیسرائیل"یان لە هەولێر كردووەە ئامانج، وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت "هیچ بارەگا و بنكەیەكی ئیسرائیل لە هەرێمدا بوونی نییە".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "هێزێكی لە یاسا دەرچوو ڕایگەیاندووە، لە ڕێگەی دڕۆنەوە بارەگایەكی ئیسرائیلیان لە هەولێر بۆردومان كردووە. ئەم هەواڵانەی ئەم گرووپ و هێزە نایاساییانە، بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستییەوە".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "بەئامانجگرتنی هەولێر هەرجارەی بە بیانوێك، تەنیا سەرلێشێواویی ئەم گرووپانە دەردەخات و كارێكی ترسنۆكانە و تیرۆریستییە".

دوێنێ بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی كە لە گرووپە چەكدارییە ‏شیعەكانی نزیك لە ئێران پێك دێت، لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "بەرەبەیانی چوارشەممە 27-12-2023، ناوەندێكی سیخوڕیی ‏تەكنیكیی ئیسرائیلمان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر، بە ‏چەكی گونجاو كردە ئامانج".‏

پێشتریش لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو، ئێران بە پاساوی كردنە ئامانجی "كۆبوونەوەیەكی ئیسرائیلییەكان"، مووشەكبارانی ماڵی شێخ باز كەریم بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كاری لە هەولێر كرد، كە زیانێكی ماددیی زۆری لێ‌ كەوتەوە.

دواتر حکومەتى هەرێم ڕەتى کردەوە هیچ بارەگایەکى ئیسرائیل لە هەولێر هەبێت و هیچ کۆبوونەوەیەک لەو شوێنەدا کرابێت. شێخ باز كەریمیش ڕەتی كردەوە هیچ كەسێكی بێگانە لە ماڵە بۆردوومانكراوەكەی ئەودا بووبێت و وتی "ماڵی شەخسیی خۆمە و هیچ كات بۆ هیچ مەبەستێكی تر بەكار نەهاتووە".

لە دوای دەستپێكردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023وە، میلیشیاكانی نزیك لە ئێران كە خۆیان ناو ناوە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"، ئەنجامدانی دەیان هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە.

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە زۆرینەیان لە دوای هاتنی داعشەوە دروست كران. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.

گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران، پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە، بۆ پاڵپشتی لە "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیلیش، هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كرد.

ئەمریكا بەردەوام هۆشداریی داوە كە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت و هەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمریكا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، ئەمریكا كەشتیی فڕۆكە هەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و توانا سەربازییەكانی بەرزكردووەتەوە.

ئەمەریكا چەند جارێكیش هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئەو گرووپانە ئەنجام داوە، دوایین هێرشیان لە بەرەبەیای 26ـی ئەم مانگە بوو، كە ئەمریكا ڕایگەیاند بۆردومانی چەند پێگەیەكی میلیشیاكانی سەر بە "حیزبوڵڵای عێراق"ـی كردووە. ئەوەش وەڵامێك بووە بۆ هێرشە درۆنییەكەی ڕۆژێك لەوەوبەری سەر فڕۆكەخانەی هەولێر كە بووە هۆی برینداربوونی سێ سەربازی ئەمەریكی،

مایكڵ كوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند، بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، سوپای ئەو وڵاتە ژمارەیەك هێرشی ئاسمانیی ئەنجام داوە كە چاوەڕوان دەكرێت "ژمارەیەك چەكداری كەتائیبی حیزبوڵڵای تێدا كوژرابن".

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق،سەركۆنەی هێرشەكەی ئەمەریكای كرد وتی "پێگەی سەربازیی عێراقی كراوەتە ئامانج و ئەوەی ڕووی دا كارێكی دوژمنكارانەی ڕوونە، لە بەرژەوەندیی ڕێچكەی بەرژەوەندیی هاوبەشی درێژخایەن نییە بۆ هێنانە كایەی ئارامی و سەقامگیری".

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی، هێرشەكە كوژرانی "ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان" و برینداربوونی "18 كەس"ـی دیكە لێ‌ كەوتووەتەوە كە "هاووڵاتیی مەدەنی"یان تێدایە.

هێرشەكەی ئەمەریكا دوای ئەوە هات كە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 25-12-2023 بە درۆنێكی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر بنكەیەكی هێزەكانی ئەمەریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمەریكی بریندار بوون.

كوریلا دەڵێت، ئامانج لە هێرشە ئاسمانییەكانیان لێپرسینەوەیە لەو لایەنانەی بەرپرسیاری راستەوخۆی هێرشەكانی سەر هێزەكانی هاوپەیمانانن لە عێراق و سووریا، "بۆ ئەوەی توانای هێرشبردنیان لاواز بكەین. ئێمە هەمیشە هێزەكانمان دەپارێزین".