وەزارەتی دارایی: لە 2023دا 10 مووچەی تەواومان دابەش كردووە

29-12-2023 09:51

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەوانە بە "نەزان" ناو دەبات كە دەڵێن "حكومەت توانای دابەشكردنی مووچەیەكی دیكە لەمساڵدا هەبووە". دەشڵێت "وەزارەتی دارایی لە 2023دا 10 مووچەی تەواوی دابەش كردووە".

وەزارەتەكە كە وەزیرەكەی لە پشكی گۆڕانە، ڕوونكردنەوەكەی لە وەڵامی ڕاپۆرتێكی كەناڵی (كەی ئێن ئێن)دا بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "لە ڕاپۆرتەكەدا چەندین داتا و زانیاریی هەڵەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و شێوازی دابەشكردنی مووچە خستووەتە ڕوو كە سەرجەمیان خەیاڵی ئامادەكاری ڕاپۆرتەكە بووە".

دەقی ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری:

شەوی سێشەممە ڕێكەوتی ٢٠٢٣/١٢/٢٦ كەناڵی كەی ئێن ئێن لە میانی ڕاپۆرتێكدا چەندین داتاو زانیاری هەڵەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و شێوازی دابەشكردنی مووچە خستۆتە ڕوو كە سەرجەمیان خەیاڵی ئامادەكاری ڕاپۆرتەكە بووەو بەئارەزوی خۆی هۆنیویەتیەوە، بەپێوستمان زانی هەندێك لە ڕاستیەكان باس بكەین تەنها بۆ بیرخستنەوەی ئەو جۆرە كەسانەی زەینیان كوێرەو مێژویان بیر ئەچێتەوە.
لامان سەیرە كە ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێكهاتەیەكی سەرەكی حكومەتی هەرێمن نەزانێت داهاتی ناوخۆ چۆن خەرج دەكرێت ، بۆ ئەوەی ڕاستیەكان وەكوو خۆی بگاتە ئەو ڕاگەیاندنكارە چەواشەكارە و هاوڵاتیان و مووچەخۆران ڕوون بێتەوە بەگرنگمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕوون بكەینەوە بەپێی داتاو زانیاریە بەردەستەكانی لامانە بەبەڵگەو ژمارە.
چونكە پێمان وایە بەرپرسیاریەتی ئێمەیە كە ڕاستیەكان وەك خۆی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بكرێت.
هەروەك گرنگە هەموو لایەك زانیاری تەواویان لەسەر داهاتی ناوخۆ بەتایبەتی هەبێت، هەرچەندە لەڕابردوشدا چەند جارێك لەبۆنەی جیاواز جیاوازدا باسمان كردووە.

١- بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ وەك وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ١٠ مووچەی تەواومان دابەش كردووە كە مووچەیەكیان هی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٢ بووەو ٩ مووچەشیان هی ساڵی ٢٠٢٣ بووە، لەساڵی ٢٠٢٣ حكومەتی عێراق تەنها ٤ ترلیۆن و ٢٩٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە كەلەو ژمارەیە ٣ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری وەك قەرز بووەو ٥٩٨ ملیار دیناریشی وەك شایستەی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزەیران هەژمار كراوە.

٢- پشكی خەمڵێنراوی هەرێمی كوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق نزیكەی ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار بووە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی پشكی هەرێم لە كۆی ساڵەكە كە حكومەتی عێراق بۆ حكومەتی هەرێمی تەرخان كردووە نزیكەی ( ٦ ترلیۆن و ٣٠٠ ) ملیار دینارە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێكدا پێویستی بە نزیكەی ( ١١ ) ترلیۆن دینارە بەو پێیەش كورتهێنان بۆ
مووچە لە ساڵێكدا نزیكەی ٥ ترلیۆن دینارەو كە دەكاتە نزیكەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران ومووچەخۆرانی هەرێم .

٣- یەكێكە لە كێشە گەورەكانی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ عێراق بونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی ( خەرجی كرداری) بوو كە بەپێی ئەو بڕگەیە پشكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ مانگانە لە دەوروبەری ٥٠٠ ملیار دینار تێپەڕناكات، لە كاتێكدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مانگانە ٩١٣ ملیار دینارە بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لە ڕاپۆرتەكانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە پەسەند كراون، ئەوە جگە لە هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە كە مانگانە بڕەكەی نزیكەی ( ٢٥ ) ملیار دینارە، بەهۆی ئەو كورتهێنانەی زۆرەی بۆ مووچە دروست بوو بوو ئەگەر لە ١٠٠٪ داهاتی ناوخۆش بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە تەرخان بكەین هێشتا بەتەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بكەین بۆیە هەندێك مانگ ناچاربوین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ كورتهێنانی مووچەی مانگێك تەرخان بكەین كە كورتهێنانەكە نزیكەی ٣٤٠ ملیار دینار بوو.

٤- داهاتی ناوخۆی هەرێمی كورستان مانگانە نزیكەی ٣٢٠ ملیار دینارەو لەساڵێكدا نزیكەی ٤ ترلیۆن دینارە بە پێی ڕاپۆرتەكانی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە كە بەشی زۆری ئەو داهاتە لە پێنج سەرچاوەی سەرەكیەوە بەدەست دێن لەوانە داهاتی ( گومرگ و باج و كارەباو هاتوچۆو بەڕێوبەرایەتیەكانی تۆماری خانوبەرە)،بەڵام بەشێكی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەك و قەرزەو دوای لێدەركردنی پشكی وەزارەتەكان كە بەپێی یاساو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆیان تەرخان كراوە، ئەوەی وەك كاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیكەی ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ملیار دینارە.

٥-زیاتر لە ٢ ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی ئەو ١٠ مووچەیە بەكارهێنراوە كە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ دابەشكراوە، پاشماوەكەشی بۆ خەرجیەكانی بەكاربردن ( پێشینەو خەرجی مانگانەی دام و دەزگاكانی حكومەت ) دەڕوات و شتێكی ئەوتۆی بۆ خەرجی وەبەرهێنان نامێنێتەوە.

٦-خەرجی مانگانەنەی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پێشینەی وەزارەت و دام و دەزگاكان مانگانە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان نزیكەی ١٧٠ ملیار دینارەو ئەوەش هەموی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەكرێت كەلە ساڵێكدا نزیكەی دوو ترلیۆن دینارە.

٧- شایەنی باسە ئەو كەسانەی بەئەنقەست ئەم زانیاریە نادروستانە بڵاو دەكەنەوە هیچ خزمەتێك بە دۆخی مووچەخۆران و ئابڵوقە ئابوریەكەی ناكەن ، ئەزمونی چەند ساڵی ڕابردوش سەلماندویەتی كەمزایەدەی سیاسی و دروشمی پۆپۆلیستی هیچی لێ بەرهەم نایەت، تێ ناگەین ئەو درۆو چەواشەكاریانەی لەسەر پرسی مووچەو داهاتی ناوخۆ بڵاو دەكرێتەوە ئاوێكەو ئەكرێتە چ ئاشێكەوە، ئەگەر ئەو مزایەدەو چەواشەكاریانە سودی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران نەبێت كێ سودی لێ دەبینێت جگە لە نەیاران و دوژمنانی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆو لە عێراق،لەڕابردوش هیچ حزب و لایەنێك سودی لە درۆو چەواشەكاری و پۆپۆلیستی نەبینیوە تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان و میدیاكەی بیانەوێت سودی لێ ببینن.

٨- وەك وەزارەتی دارایی لە ڕوانگەی بڕوابونمان بە بنەماكانی شەفافیەت و چاودێری هەمیشە دەرگامان بۆ تیمە هاوبەشەكانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم كراوە بووە و وردبینی لەسەرجەم ژمارەو داتاو زانیاریەكان كراوەو دواتر بەڕاپۆرت پەسەند كراوەو بەرزكراوەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.

٩- ئەو نەزانانەی كە دەڵێن حكومەت توانای موچەیەكی تری هەبوو لەمساڵدا بەڵام دابەشی نەكرد، دەبێت بەبیریان بێنینەوە ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی داهاتی ناوخۆ هەمووی كاش نییە و بەشێك چەك و قەرزو ئامانەتە ، بەلامانەوە گرنگە ڕای گشتی و میدیاكانیش بزانن حكومەتی هەرێم تەنها دابەشكردنی مووچەی لە ئەستۆ نییە، بەڵكوو خەرجی بەكاربردن و وەبەرهێنان و چەندین بەرپرسیارێتی تری دارایی لە ئەستۆیە كەمانگانە دەبێت پارەی بۆتەرخان بكات.

١٠- هەر ڕاگەیاندن و دامەزراوەیەكی میدیایی داتاو ئاماری نادروست لەسەر داهات و خەرجی دام و دەزگاكانی حكومەت بەمەبەستی شێواندنی ڕای گشتی و تێكدانی دەرونی مووچەخۆران و فەرمانبەران بڵاوبكاتەوە بەمافی خۆمانی دەزانین ڕوبەڕوی یاسای بكەینەوە بەمەبەستی سەلماندنی.

هاوپێچ خشتەی دابەشكردنی مووچەی ١٠ مانگ لە ساڵی ٢٠٢٣ و خشتەی مانگانەی خەرجی بەكاربردن
وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٣/١٢/٢٩