فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا گوندێکی سنوری چەمچەماڵ بۆردومان دەکات

28-12-2023 03:03

پەرەگراف

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گوندێکی سنوری ناحیەی ئاخجەلەری لە قەزای چەمچەماڵ بۆردومان کرد، دوێنێش هەمان ناوچەی بۆردومان کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "بۆردومانەکەی ئەمڕۆ بۆسەر گوندی چنارتوو بووەو فڕۆکەی بێفڕۆکەون هێشتا لە ئاسمانی ناوچەکەیەو ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە نزیکە لە شوێنی نیشتەجێبوون و زیانەکان نەزانراون".

بۆردومانەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە دوێنێش گوندی توتەقەڵ لە هەمان ناوچە بۆردومان کرا.

پێشتریش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا هەمان شوێنی بۆردومان کردو کوژراو و برینداری لێکەتەوە کە دوان لە کوژراوەکان خەڵکی ناوچەکە بوون بەناوەکانی ئارام کاکەخان و ئیسماعیل ئیبراهیم.

توركیا هێرشەكانی بۆسەر باشورو ڕۆژئاوای كوردستان چڕ كردووەتەوە بە پاساوی لێدان لە بنكەو بارەگاكانی پەكەكەو ئەو هێزانەی بە سەربە ئەوان لە قەڵەمیان دەدات.

ئەوەش لە دوای چڕبوونەوەی شەڕی سەختی نێوان پەکەکەو سوپای تورکیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە ناوچەی بادینان کە پەکەکە بانگەشەی ئەوە دەکات دەیان سەربازی تورکیا کوژراون و وەزارەتی بەرگری تورکیاش بە فەرمی دانی بە کوژرانی ١٢ سەربازیدا ناوەو دەڵێت، دەیان بنکەو بارەگای پەکەکەی خاپوور کردووە.