دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر سكاڵاكەی یەكێتی دواخست و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش دوادەكەوێت
پەرەگراف
جارێكی دیكە دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر سكاڵاكەی یەكێتی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخست و 21-1-2024ـی بۆ دانیشتنی داهاتوو دیاری كرد. دواخستنی دانیشتنەكە دەبێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانيش.
سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار کراوە کە تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، کورسی پێکهاتەکان، بازنەکانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران. لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تۆمار كراوە. هەروەها ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆكی فراكسیۆنی ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سكاڵایەكی هاوشێوەی تۆمار كردووە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە.
دیارترین ماددەی سكاڵاكە كە كێشەی لەسەرە، پەیوەستە بە 11 كورسیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان و یەكێتی و لایەنە دیارەكانی دیكەش جگە لە پارتی، داوای دابەشكردنی ئەو كورسییانە بەسەر پارێزگاكاندا دەكەن.
دواخستنی ئەم جارەی دانیشتنەكەی دادگای فیدراڵی و یەكلانەكردنەوەی سكاڵای سەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆی بەڕێوە نەچێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 25-2-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە، دانیشتنی داهاتووی دادگای فیدراڵیش لەسەر سكاڵاكە، دەكەوێتە یەك مانگ و چوار ڕۆژ بەر لە وادەی هەڵبژاردن، بۆیە ئەگەر دادگا هەر بڕیارێكیش بدات، كۆمیسیۆن ناتوانێت لەو ماوە كەمەدا ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكات.
تەمەنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تا 1-7-2024 درێژ كراوەتەوە و دەبێت بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات، دواخستنی بڕیاردان لەسەر سكاڵاكەی یەكێتی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، پێدەچێت ببێتەوە هۆی ئەوەی بەلای كەمەوە هەڵبژاردن بۆ مانگی 5 یان 6ی 2024 دوابكەوێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە و فشاری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا.
حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی دیكە و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام دا، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر بكەن.
یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە پەرلەمان هەیە و پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن پارتییەوە لە ململانێ سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی یەكلا دەبنەوە، هەر بۆیە داوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی كاندیدەكانی پێكهاتەكان دەكەن.
پاش گەیشتنە بنبەستی گفتوگۆكان لەسەر كورسی پێكهاتەكان، یەكێتی ئەو پرسەی بردە دادگای فیدراڵی عێراق و تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دا و پێی وایە چەند ماددەیەكی "پێچەوانەی دەستووری عێراقە"، یەكێك لەوانەش كورسیی پێكهاتەكانە.
لە دانیشتنەكانی پێشوودا، دادگای فیدراڵی عێراق داوای بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی كردووە لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پێشنیارەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان بكرێت بە ٣ بازنەی هەڵبژاردن و كورسییەكانی پەرلەمان و كورسییەكانی كۆتاكان دابەشی ئەو سێ بازنەیە بكرێت، بە جۆرێك ١٠٠ كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان؛ ٤١ی بۆ سلێمانی و ٣٤ بۆ هەولێرو ٢٥ی بۆ دهۆك دیاری بكرێت.
١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان دابەشی ئەو سێ بازنەیەی هەڵبژاردن بكرێن، بە جۆرێك؛ ٤ كورسیی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی كە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، ٤ كورسیی دیكەش بۆ هەولێر كە بە هەمان شێوە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، دهۆكیش ٣ كورسیی پێكهاتەكانی بۆ دیاریكراوە كە 1 كورسی بۆ كلدان، سریان و ئاشووری، 1 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ئەرمەنەكان.
ڕۆژی 5-11-2023 كە دانیشتنی چوارەمی دادگا لەبارەی سكاڵاكەوە بەڕێوە چوو، زیاد جەبار لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی وت "چوار ساڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە مشتومڕی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنداین و ویستوومانە بە شێوەی سازان هەمواری یاساكە بكەین، بەڵام نەگەیشتینە ڕێككەوتن، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر دەستوور و یاسا".
یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1، 9، 15، 22 و 36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو تۆمار كردووە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوە و داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوەو یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی.
زیاد جەبار بۆ پەرەگراف وتی "لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان، یەكێتی جەخت لە دوو خاڵ دەكاتەوە. یەكەم: مەبدەئی یەكێتی وا بووە ئەو كورسییانە بۆ نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان بیت. دووەم: لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتە هەیە، نوێنەرایەتیی هەبێت و بەشدار بیێت".
مونا قەهوەچی، سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی پێكهاتەی توركمان، بە نوێنەرایەتیی توركمانەكان داوای لە یەكێتی كردووە سكاڵاكەی لە دادگای فیدراڵی بكشێنێتەوە، بەڵام یەكێتی بەوە ڕازی نەبووە.
زیاد جەبار ڕەتیشی كردەوە كە سكاڵاكەیان تەنیا لەسەر كورسیی پێكهاتەكان بێت و ڕایگەیاند "سكاڵایان لەسەر ماددەی یەك تۆمار كردووە كە تایبەتە بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان". وەكوو ئەو دەڵێت "لە عێراقدا هەر 100 هەزار كەسێك نوێنەرێكی لە پەرلەمان هەیە، بەڵام لە كوردستان ڕوون نییە، ئەمە پێویستی بە ڕێكخستنە".
هەروەها دوان لە ماددەكان پەیوەندییان بە "كۆمیسیۆن و مەسەلەی بایۆمەتری و تۆماری دەنگدەران"ـەوە هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ئاماژە بەوە دەكات كە "پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن درایە دەست كۆمیسیۆنی عێراق، ئەو بەشەی سكاڵاكە كۆتایی پێ هاتووە".
هەروەها یەكێتی تانەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەك بازنە داوە و داوا دەكات هەرێمی كوردستان چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت، كە بەر لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بەو شێوەیە بووە.
ڕۆژی 24-10-2023، زۆرینەی حیزب و لایەنەكانی توركمان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی توركمان، بە بەشداریی نوێنەری پێنج كونسوڵگەری و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر كۆبوونەوە. وەك خۆیان دەڵێن "كۆبوونەوەكە بۆ پارێزگاریكردن لە سیستەمی كۆتای پێكهاتەی نەتەوەیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان" بووە.
حیزب و لایەنە توركمانەكان دواتر بەیاننامەیەكی پێنج خاڵییان بڵاو كردەوە، تێیدا دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "ڕێژەیەكی زۆری هاووڵاتیانی پێكهاتەی توركمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، كارێكی هەڵەیە بەهۆكاری بوونی ڕێژەیەكی كەم لە هاووڵاتیانی توركمان لە پارێزگاكانی تر، كورسیی كۆتای توركمان دابەش بكرێت و مافی ئەو ڕێژە زۆرەی هاووڵاتیانیان لە پارێزگای هەولێر پێشێڵ بكرێت".
حیزب و لایەنەكانی پێكهاتەی توركمان، ھەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەتایبەت ئەو مادانەی پەیوەستن بە كورسیی پێكهاتە نەتەوەییەكان، بە "نادەستووری" ناو دەبەن، هەروەها دەڵێن "نەمانی كورسیی كۆتای نەتەوەیی پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسیی ئەو نەتەوەیەیە".