لە ٤٨ کاتژمێردا زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکانی هەرێم گلدراوەتەوە

26-12-2023 01:06

پەرەگراف

وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێژەی گلدانەوەی ئاوی ٤٨ کاتژمێری ڕابردووی لە بەنداوە گەورەکانی هەرێم ڕاگەیاند، بەنداوی دوکان زۆرترین ئاوی تێدا گلدراوەتەوە کە ٨٤ ملیۆن مەتر سێجایە.

وەزارەتەکە دەڵێت، بەهۆی شەپۆڵی باران بارینی چەند ڕۆژی رابردوو لە ناوچەکە، لەماوەی 48 کاتژمێردا، بەنداوی دوکان ٨٤ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بۆ هاتووەو ٧٧ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەرزکردووەتەوە.

دوای دوکان بەنداوی دەربەندیخان دێت کە ١٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بۆ هاتووەو ٢٤ سانتیم ئاستی ئاوی بەرزکردووەتەوە.

بەنداوی دهۆکیش سێیەم زۆرترین بڕی ئاوی تێدا گلدراوەتەوەو لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٠٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی بۆ هاتووەو ٢٠ سانتیم ئاستی ئاوی بەرزکردووەتەوە.

بەپێی پێشبینیی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆو سبەینێ ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری بارانبارین نییە.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ١٥ بەنداوی گەورە هەن كە لە توانایاندایە زیاتر لە ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە. بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان گەورەترینیانن کە نۆ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەدەنەوە.