مەزڵووم عەبدی: بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست دەستدرێژییەكانی توركیا ئاماژەیەكی نیگەرانكەرە
پەرەگراف
میدیای ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوی كردەوە، لە هێرشەكانی توركیادا "هەشت هاووڵاتی شەهید بوون "و "22" ناوەندی خزمەتگوزاری و بازرگانی لە قامیشلۆ و كۆبانی كراونەتە ئامانج. فەرماندەی گشتیی هەسەدەیش داوای دەستوەردانی نێودەڵەتی دەكات و دەڵێت "بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست دەستدرێژییەكانی توركیا، ئاماژەیەكی نیگەرانكەرە".
ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاوی كردووەتەوە "لە دوێنێوە لە هێرشەكانی توركیادا گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل، كۆمپانیا، دامەزراوەی پیشەسازی و بیناسازی، چاپخانە، وێستگەی شەمەندەفەر، كارگەی زەیتون و پەتاتە، هۆڵی ئاهەنگی هاوسەرگیری، نەخۆشخانە، بەنزینخانە، تاكە كارگەی ئۆكسجین لە قامیشلۆ، كێڵگە و بەرگدروو كراونەتە ئامانج".
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس دەڵێت "دەستدرێژییەكانی توركیا وەرچەرخانێكی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە، بەئامانجگرتنی ژێرخان و دامەزراوە مەدەنییەكانی لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا فراوانتر كردووە".
مەزڵووم عەبدی داوا لە توركیا دەكات "سەرنجی لەسەر پرسە ناوخۆییەكانی خۆی بێت و لەناو سنوورەكانی خۆیدا چارەسەریان بكات".
هەروەها دەڵێت "لەگەڵ پابەندیمان بە بەرگریكردن لە ماف و سەلامەتیی گەلەكەمان، بانگەواز لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە دەستوەردان بكەن بۆ ڕاگرتنی توركیا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە ئاست بۆردوومانەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، بە "ئاماژەیەكی نیگەرانكەر" ناو دەبات و دەشڵێت "ئێمە حساب بۆ ڕێككەوتنەكان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەكەین، بۆ ئەوەی دۆخەكە خراپتر نەبێت و شەڕێكی گەورە هەڵنەگیرسێت".
بەپێى ئەو زانیارییانەى کە ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاوی كردوونەتەوە، لە دوێنێوە سوپای توركیا "22 ناوەندی خزمەتگوزاری و بازرگانیی لە قامیشلۆ و كۆبانی كردووەتە ئامانج و بەوهۆیەوە زیانێكی گەورە كەوتووەتەوە".
ئاژانسەكە دەشڵێت "هەشت هاووڵاتی لە هێرشەكانی توركیادا شەهید بوون و 13ـی دیكە بریندار بوون".
لە 22ـی ئەم مانگەوە شەڕێكی قورس لە نێوان پەكەكە و سوپای توركیا سەری هەڵداوە. پەكەكە دەڵێت، لە 22 و 223ـی مانگ، لە زاپ و خواكوڕك سێ ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر سوپای توركیا ئەنجام داوە و تێیدا "88" سەرباز كوژراون، بەڵام سوپای توركیا تەنیا دانی بە كوژرانی "12" سەربازدا ناوە.
لە دوای ئەو هێرشانەی پەكەكە، سوپای توركیا زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانیی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ سەر پەكەكە و ڕۆژئاوی كوردستانیش ئەنجام داوە.