سێ سەربازی ئەمەریکی لە هەولێر بریندار بوون؛ ئەمەریکا حیزبوڵڵای عێراقی بۆردومان کرد

26-12-2023 09:39
کاروانێکی هێزەکانی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر. وێنە؛ ئەی ئێف پی

پەرەگراف

لە وەڵامی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر کە بووەهۆی برینداربوونی سێ سەربازی ئەمەریکی، ئەمەریکا بۆردومانی چەند پێگەیەکی میلیشیاکانی سەربە حیزبوڵڵای عێراقی کرد.

مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە بەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە کە چاوەڕوان دەکرێت "ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی حیزبوڵڵای تێدا کوژرابن".

هێرشەکە دوای ئەوەدێت دوانیوەڕۆی دوێنێ بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمەریکی برینداربوون. 

کوریلا دەڵێت، ئامانج لە هێرشە ئاسمانییەکانیان لێپرسینەوەیە لەو لایەنانەی بەرپرسیاری راستەوخۆی هێرشەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانانن لە عێراق و سووریا، "بۆ ئەوەی توانای هێرشبردنیان لاواز بکەین. ئێمە هەمیشە هێزەکانمان دەپارێزین".

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ئاگادار کراوەتەوە لەو هێرشەی کرایەسەر هێزەکانیان لە هەولێر، بایدن فەرمانی بە پنتاگۆن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ وەڵامدانەوە.

لەبارەی سەربازە بریندارەکانی ئەمەریکاش لە هێرشەکەی دوێنێی هەولێر، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەڵێت "نزام بۆ ئەو ئەمریکییە قارەمانانەیە، کە برینداربوون".

هاوکات ئەدریێن واتسن، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا دەڵێت "سەرۆک بایدن هیچ شتێک لە سەرووی پاراستنی هێزە ئەمەریکییەکانەوە دانانێت کە لەژێر مەترسیدا خزمەت دەکەن. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، ئەمەریکا لە کات و بە رێگەی هەڵبژێردراوی خۆی هەنگاو دەنێت".

لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەگەڵ "ئیدانەكردن" و بە "تیرۆریستی" ناوبردنی هێرشەكەی سەر ئەمەریکییەکان لە هەولێر، جەخت دەكاتەوە كە "هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتیی هەوڵە هەواڵگرییەكان، دەگەنە سەر بە ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە كردەوانە و سزای دادپەروەرانە وەردەگرن".

پێشتریش ڕۆژی 8ـى کانوونی یەکەمی 2023، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا و هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە، چەند ڕۆژێک دواتر هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەیان ڕاگەیاند کە هەندێکیان سەر بە هێزە ئەمنییەکان بوون.

هەر لە 8ی کانوونی یەکەمی 2023، بە مووشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد و زیانی گیانیی نەبوو. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق گرووپەکانی سەر بە ئێرانی تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند "هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن".

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023وە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان ناو ناوە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"، ئەنجامدانی دەیان هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەوە یەکەمجار بوو کە هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد.

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە زۆرینەیان لە دوای هاتنی داعشەوە دروست كران. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.

گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران، پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە، بۆ پاڵپشتی لە "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیلیش، هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كرد.

ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت و هەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمریكا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، ئەمریكا كەشتیی فڕۆكە هەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەو توانا سەربازییەکانی بەرزکردووەتەوە.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ڕۆژی 3-12-2023 ئەمەریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری سەربە بزوتنەوەی نوجەبای کرد لە نزیک کەرکوک کە بووەهۆی کوژرانی ٥ چەکداریان، نوجەبا نزیکە لە ئێران و بەشێکن لەو گرووپە چەکدارییانەی شيعەکان کە خۆیان بە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی".

ئەو هێرشەی ئەمەریکا دووەم هێرشی ئەو وڵاتە بوو بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق کە کوژراوی لێ بکەوێتەوە، دوو هەفتە پێشتریش هێزەکانی ئەمەریکا گروپێکی حەشدی شەعبییان لە ناوچەی جرف السخر لە باشوری ڕۆژئاوای بەغداد بە ئامانج گرت کە تێیدا ٨ چەکداری کەتائیبی حیزبوڵای عێراق کوژران.