لیوا یەحیا ڕەسووڵ: هێرشە درۆنییەكەی هەولێر برینداری لێ‌ كەوتووەتەوە

25-12-2023 09:26

پەرەگراف

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هێرشەكەی سەر بنكەی هاوپەیمانان لە فڕۆكەخانەی هەولێر بە "تیرۆریستی" ناو دەبات و "ئیدانە"ـى دەکات. دەشڵێت "برینداری لێ‌ كەوتووەتەوەو گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەی ڕاگرتووە".

لیوا یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا باس لە هێرشە درۆنییەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ سەر بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەناو سنووری فڕۆكەخانەی هەولێر دەكات و دەڵێت "فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى بۆمبڕێژکراو ئاراستەى نزیکى فڕۆکەکانەى مەدەنیى هەولێر کراوە. هێرشەكە برینداربوونی لێ كەوتەوە، بووە هۆی ڕاگرتنى کارى فڕۆكەخانەكە و دواخستنی كاتی گەشتەكان".

لیوا یەحیا ڕەسووڵ دەشڵێت "ئەم جۆرە كردەوە تاوانكارییانە، ئامانجیان زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییەكانی عێراق و پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی".

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەگەڵ "ئیدانەكردن" و بە "تیرۆریستی" ناوبردنی هێرشەكە، جەخت دەكاتەوە كە "هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتیی هەوڵە هەواڵگرییەكان، دەگەنە سەر بە ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە كردەوانە و سزای دادپەروەرانە وەردەگرن".

ئێوارەى ئەمڕۆ 25-12-2023، دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند "کاتژمێر 16:03، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".

دژەتیرۆر زانیاریی زیاتری لەبارەی هێرشەکە و هەبوونی زەرەر و زیان ئاشکرا نەکرد، هاوکات زانیاریی لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام میلیشیا شیعەکان لە دوو مانگی ڕابردوودا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریر بە پاساوی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

ڕۆژی 8ـى کانوونی یەکەمی 2023، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا و هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە، چەند ڕۆژێک دواتر هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەیان ڕاگەیاند کە هەندێکیان سەر بە هێزە ئەمنییەکان بوون.

هەمان ڕۆژ بە مووشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد و زیانی گیانیی نەبوو. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق گرووپەکانی سەر بە ئێرانی تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند "هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن".

"جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین وەکو ئەوەی پێشتریش کردوومانە، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی تاک و پێگەی نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بگرێتە بەر، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە مافی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین و فەرمانبەرانمان لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، بپارێزین"، وتەبێژی باڵیۆزخانەکە وای وت.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023وە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان ناو ناوە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"، ئەنجامدانی دەیان هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەوە یەکەمجار بوو کە هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد.

بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە زۆرینەیان لە دوای هاتنی داعشەوە دروست كران. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.

گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران، پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە، بۆ پاڵپشتی لە "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیلیش، هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كرد.

ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت و هەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمریكا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، ئەمریكا كەشتیی فڕۆكە هەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەو توانا سەربازییەکانی بەرزکردووەتەوە.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ڕۆژی 3-12-2023 ئەمەریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری سەربە بزوتنەوەی نوجەبای کرد لە نزیک کەرکوک کە بووەهۆی کوژرانی ٥ چەکداریان، نوجەبا نزیکە لە ئێران و بەشێکن لەو گرووپە چەکدارییانەی شيعەکان کە خۆیان بە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی".

ئەو هێرشەی ئەمەریکا دووەم هێرشی ئەو وڵاتە بوو بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق کە کوژراوی لێ بکەوێتەوە، دوو هەفتە پێشتریش هێزەکانی ئەمەریکا گروپێکی حەشدی شەعبییان لە ناوچەی جرف السخر لە باشوری ڕۆژئاوای بەغداد بە ئامانج گرت کە تێیدا ٨ چەکداری کەتائیبی حیزبوڵای عێراق کوژران.