فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانی ئێران لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا لە سووریا كوژرا

25-12-2023 08:41

پەرەگراف

سوپای پاسدارانی ئێران كوژرانی فەرماندەیەكی فەیلەقی قودسی سوپاكە و یەكێك لە كەسە نزیكەكانی قاسم سولەیمانیی لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا لە سووریا، ڕاگەیاند و هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكات.

كاتژمێر 7ی ئەمشەو، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، لە "هێرشێكی مووشەكی"ـی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، سەید ڕەزی موسەوی، یەكێك لە ڕاوێژكارە بەئەزموون و دێرینەكانی سوپای پاسداران لە سووریا، كوژراوە.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە كردووە كە هێرشەكە "كاتژمێرێكك لەمەوبەر"، واتە لە دەوروبەری كاتژمێر 6:00ـی ئەمشەو ئەنجام دراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی سوپای پاسداران، سەید ڕەزی موسەوی، لە كەسە نزیكەكانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و بەرپرس بووە لە پشتیوانیكردنی بەرەی "بەرەنگاری لە سووریا". سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەش دەكات و دەڵێت "بێگومان ڕژێمی زایۆنی (ئیسرائیل) باجی ئەم تاوانە دەدات".

میدیانی نزیك لە سوپای پاسداران بڵاوی كردووەتەوە، هێرشە لە ناوچەی زەینەبیەی دیمەشقی پایتەختی سووریا ئەنجام دراوە.