پەرەگراف
دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 16:03، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
دژەتیرۆر زانیاریی زیاتری لەبارەی هێرشەکەو هەبوونی زەرەرو زیان ئاشکرا نەکردووە، هاوکات زانیاریی لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام میلیشیا شیعەکان لە دوو مانگی ڕابردوودا چەندینجار هێرشیان کردووەتەسەر فڕۆکەخانەی هەولێرو هەریر بە پاساوی هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمەریکا.
ڕۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2023، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشاو هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوەو چەند ڕۆژێک دواتر هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەیان ڕاگەیاند کە هەندێکیان سەربە هێزە ئەمنییەکان بوون.
هەمان ڕۆژ بە مووشەک هێرشکرایەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدادو زیانی گیانیی نەبوو، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق گرووپەکانی سەر بە ئێرانی تۆمەتبار کردو ڕایگەیاند "هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن".
"جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین وەکو ئەوەی پێشتریش کردوومانە، هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی تاک و پێگەی نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بگرێتەبەر، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە مافی خۆمانە بەرگری لەخۆمان بکەین و فەرمانبەرانمان لەهەر شوێنێکی جیهان بێت بپارێزین" وتەبێژی باڵیۆزخانەکە وای وت.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023وە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان ناو ناوە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"، ئەنجامدانی زیاتر لە 70 هێرشی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەوە یەکەمجار بوو کە هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد.
بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعەی نزیك لە ئێران پێك دێن، كە لەدوای هاتنی داعشەوە دروست كران. پاش چڕبوونەوەی هێرشەكانی سەر غەززە، ئێران هۆشداریی دا لە جووڵەی ئەو گرووپانە دژی ئیسرائیل و ئەمریكا.
گرووپە چەكدارییە شیعەكانی نزیك لە ئێران، پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنیان لەژێر ناوی "ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پشتیوانیكردن لە تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاندووە، بۆ پاڵپشتی لە "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیلیش، هێرشیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا دەست پێ كرد.
ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت و هەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكان كە ئەمریكا بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، ئەمریكا كەشتیی فڕۆكە هەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەو توانا سەربازییەکانی بەرزکردووەتەوە.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ڕۆژی 3-12-2023 ئەمەریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری سەربە بزوتنەوەی نوجەبای کرد لە نزیک کەرکوک کە بووەهۆی کوژرانی ٥ چەکداریان، نوجەبا نزیکە لە ئێران و بەشێکن لەو گرووپە چەکدارییانەی شيعەکان کە خۆیان بە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی".
ئەو هێرشەی ئەمەریکا دووەم هێرشی ئەو وڵاتە بوو بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق کە کوژراوی لێ بکەوێتەوە، دوو هەفتە پێشتریش هێزەکانی ئەمەریکا گروپێکی حەشدی شەعبییان لە ناوچەی جرف السخر لە باشوری ڕۆژئاوای بەغداد بە ئامانج گرت کە تێیدا ٨ چەکداری کەتائیبی حیزبوڵای عێراق کوژران.