بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان: بازرگانێكی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەكانمان لە هەولێر دەستگیر كرد
پەرەگراف
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، دەستگیركردنی "سێ بارزگانی ماددەی هۆشبەر"ـی ڕاگەیاند كە یەكێكیان "بازرگانێكی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەكان"ـە لە هەولێر. دەشڵێت "زیاتر لە 100 كیلۆگرام حەبی كەپتاگۆن دەستی بەسەردا گیرا".
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێتت "لە بەردەوامی هەوڵەكانی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، لە ٢٠ـی١٢ـی ٢٠٢٣، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا بازرگانێكی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەكان لە شاری هەولێر دەستگیر بكرێ".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، هەروەها لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە و گۆڕینەوەی زانیاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، توانراوە "لە پارێزگای زیقار دوو بازرگانی تر" دەستگیر بكرێن.
لە كاتی دەستگیركردنی ئەو دوو بارزگانەدا، "بڕی 100 كیلۆگرام حەبی هۆشبەری كەپتاگۆن" دەستی بەسەردا گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان وێنەی بارزگانە دەستگیراوەكەی هەولێر و ئەو ماددە هۆشبەرانەی بڵاو كردووەتەوە كە دەستیان بەسەردا گیراوە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش ئاسایشى هەولێر دەستگیرکردنى "15 بازرگانى ماددەى هۆشبەر"ـى لە ماوەى یەک مانگدا ڕاگەیاند. 14ـى ئەم مانگەیش دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی، ئاماری کار و چالاکییەکانی ئەمساڵی بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەکە دەستبەسەر 389 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە و 84 بازرگان دەستگیر کراون.
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، لە ماوەی هەشت ساڵ و لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2023، بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان "زیاتر لە 14 هێندە زیادی كردووە، بە ڕێژەی سەديیش، لەسەدا هەزار و 420 بەرز بووەتەوە".
هەروەها ژمارەی سزادراوانی ماددەی هۆشبەر لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان و ئاماری بازرگانی پێوەكردن و ئالوودەبوون ڕوو لە "هەڵكشانی مەترسیدار"ن. ماددەی هۆشبەر بە نهێنی دەبرێتە ناو چاكسازییەكان بۆ تووشبووان.
بەپێی نوێترین ئامار كە كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان لە 18-10-2023 ڕایگەیاند، لە كۆی "پێنج هەزار و 283 سزادراو لەناو چاكسازییەكانی هەرێمدا، هەزار و 97 كەسیان بە تاوانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان سزادراون، كە دەكاتە یەك لەسەر پێنجی سەرجەم سزادراوانی ناو چاكسازییەكان".
سزادراوانی ماددەی هۆشبەر، "480" كەسیان بازرگان و "617"ی دیكەیان بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرن. لە ڕووی ڕەگەزیشەوە "هەزار و 23" كەسیان لە ڕەگەزی نێر و "74"یان لە ڕەگەزی مێن.
ئەمە جگە لە بەشێكی دیكە لە تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەكان كە هێشتا كەیسەكانیان لە دادگاكاندا یەكلا نەكراونەتەوە و ژمارەیان سەدان كەسە. وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، هەڵكشانی ئاماری بازرگانیكردن و تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر بە "ڕاستییەكی مەترسیدار" ناو دەبات.
"لە كابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێمدا، كۆمپانیاكانی خۆراك، حانووت و كارمەندی چاكسازییەكانیش ماددەی هۆشبەریان بۆ سزادراوەكان بردووەتە ژوورەوە، بەڵام لەم كابینەیەدا ڕێگریمان لەو كارە كردووە و ئەو كارمەندانەی تێوەگلاون، سزا دراون"، كوێستان محەمەد وای وت. لەگەڵ ئەوەشدا نەیشاردەوە كە "هێشتا ئەوانەی لەناو چاكسازییەكاندا ماددەی هۆشبەر بەكار دەهێنن، پەنا دەبەنە بەر كەسوكاریان بۆ ئەوەی ماددەی هۆشبەریان بۆ ببەنە ژوورەوە".
كێشەیەکی دیكەی بەردەم چارەسەری تووشبووانی ماددەی هۆشبەر، خراپیی بینای چاكسازییەكانە. وەزیری كار دەڵێت "سێ چاكسازیی گەورانمان هەیە كە لە بنەڕەتدا بۆ 900 سزادراو دروست كراون، بەڵام سێ ئەوەندە سزادراویان تێدایە، سێ بینای چاكسازیی ژنان و منداڵانیش هەیە كە لە بنەڕەتدا هەر بۆ چاكسازی دروست نەكراون".
لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا و لە ساڵی 2020، پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 1ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكانی دەركرد. حكومەتی هەرێم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی لە وەزارەتە جیاوازەكان پێكهێناوە، سندووقێكیش بۆ پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دروست كراوە، بەڵام هەموو ئەمانە هێشتا نەیانتوانیوە هەڵكشانی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان كەم بكەنەوە كە سەرۆكی حكومەت بە "زەنگی مەترسی بۆ كۆمەڵگە" ناوی دەبات و دەڵێت "هەڕەشە و مەترسییەكانی هیچی لە تیرۆر كەمتر نییە".
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە وتارێكدا لە كۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان 18-10-2023 وتی "هەرێمی كوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەكرێت و هەوڵی لاوازكردنی دەدرێت، یەكێك لە شێوازە مەترسیدارەكانیش ماددە هۆشبەرەكانن، كە یەكێكە لەو چەكانەی بە شاراوە و ئاشكرا بۆ مەبەستی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگەكەمان و لە باربردنی توانا و تەندروستی گەنجان بەكار دەهێنرێت".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەی خستە ڕوو كە "مافیا و بازرگانەكانی ماددەی هۆشبەر، سوود لە هەڵكەوتەی جوگرافیی هەرێمی كوردستان وەردەگرن وەكوو دەروازەیەك بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەكان بۆ شوێنەكانی تر".
وتیشی "بەشێك لەو گرووپە چەكدارانەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەروبەر هەن، بەشێكن لە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان".
تەنیا لە سێ هەفتەی یەكەمی مانگی هەشتی ئەمساڵدا، بەڕێوەبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیركردنی ٢٠ تۆمەتباری بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەری لەناو شاری سلێمانی ڕاگەیاند.
لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە هەولێر، دەستی بەسەر 270 كیلۆ ماددەی هۆشبەر، 147 هەزار پارچە حەب و شەش هەزار و 555 شرووب و دەرزیی هۆشبەری جۆراوجۆر و شەش هەزار و 632 پایپ (ئەو ئامێرەی ماددەی هۆشبەری پێ دەكێشرێت)دا گرتووە. هەر لە شەش مانگی یەكەمی 2023دا، بەڕێوەبەرایەتییەكە 600 پەڕاوی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەری ڕەوانەی دادگاكان كردووە. بە گشتییش 276 بارزگان و 475 بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون.
بەپێی ئامارەكانی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان كە بەشێك لە چالاكییەكانیان كاركردنە لەسەر ماددەی هۆشبەر، لە ساڵی 2014دا تەنها 142 كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، بەڵام لە ساڵی 2022دا، 2017 كەس دەستگیر كراون.
شیشە، تلیاك، حەشیش، كریستاڵ، كۆكاین، هێرۆیین، ماریوانا و چەندین حەبی جۆراوجۆر، ئەو ماددە هۆشبەران كە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان و لایەنە ئەمنییەكان بە بڕی زۆر دەستیان بەسەر بەشێكیدا گرتووە.
هەرێمی كوردستان پێشتر كاری بە یاسای ژمارە 68ـى ساڵی 1965ـى عێراق دەكرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم دەڵێت "یاسایەكی زۆر توند بوو و سزای زۆر قورسی بۆ بارزگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر تێدا بوو". دواتر پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 1ـى ساڵی 2020ـى بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەركرد، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم ڕەخنەی لێ دەگرێت و دەڵێت "یاسا نوێیەكە سزاكانی سووك كردووە".
عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، وتی "پەرلەمانی عێراق لە 2017 و پەرلەمانی كوردستان لە 2020دا دوو یاسایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەركرد كە لە ناوەرۆكدا هاوشێوەن، تووشبووانی ماددەی هۆشبەر بە نەخۆش هەژمار دەكەن، سزاكانیان سووك كردووە و زیاتر سزای پێبژاردنیان داناوە". ئەو پێی وایە ئەم دوو یاسا بوونەتە هۆی "تەشەنەسەندنی بازرگانی و تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر".
سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری دەشڵێت "پێویستە سزای بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە پێنج ساڵ زیندانی كەمتر نەبێت و بۆ بازرگانەكانیش پێویستە سزاكە زیندانیكردنی هەتا هەتایی و لەسێدارەدان بێت".