شاسوار عەبدولواحید: ڕەنگە لە هەندێک خوێندنەوەمان بۆ دۆخی کەرکووک هەڵە بووبین

24-12-2023 11:18

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە یەکەم دەرکەوتنی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە جوڵانەوەکەیان لە کەرکوک کورسیی بەدەست نەهێنا، دەڵێت: "ئەمجارە نا جارێکی تر، هیچ پەلەمان نییە.. ڕەنگە لە هەندێک خوێندنەوەمان بۆ دۆخی کەرکووک هەڵە بووبین. مێژوو هیچ کەس و لایەنێک سزا نادات لەسەر ئەوەی وتبێتی من ئەمەوێ یەکەم بم و یەکەم نەبووبێت، بەڵکوو مێژوو سزای ئەو کەسانە دەدات کە دەنگ و خاکی مللەتەکەیان دەفرۆشن و خیانەتیان لێ دەکەن".

سەرۆکی جوڵانەوەکە لەگەڵ ئاماژەکردن بەوەی دەنگەکانیان زیادی کردووە بەراورد بە 2021، وتیشی "من خۆم بەرپرسیارێتی هەڵدەگرم، هیچ هاوڕێیەكم لە كەركووك و هیچ ناوچەیەك ناكەم بە بەرپرسیار. ئەو دەنگانەی بەدەستمان هێناوە، نزیکە لە دەنگی هەدێک هێزەوە کە 70 ساڵە سیاسەت دەکەن".

"لە کۆی 600 هەزار دەنگدەری کورد، تەنیا 200 هەزاریان بەشداریی دەنگدانیان کردووە، واتە نزیکەی 70٪یان دەنگیان نەداوە. بەهۆی بەشدارینەکردنی خەڵکانی ناڕازی، سوودمەندی یەکەم پێکهاتەکانی تر بوون، سوودمەندی دووەم دوو حیزبە تەقلیدییەکە بوون کە بە دەنگێکی کەمەوە توانیویانە چەند کورسییەک بەدەست بهێنن. دەبێت لەمەوە وانە فێر ببین، بزانین نەچوونمان بۆ دەنگدان، سەرخستنی ئەو دەسەڵاتەیە کە زوڵم لە خەڵک دەکات" شاسوار عەبدولواحید وای وت.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، ئامادەیی نەوەی نوێی دووپات کردەوەو وتی "هەر لە ئێستاوە دەبێت هەر هاووڵاتییەک کە ناڕازییە خۆی ئامادە بکات بۆ دەنگدان، ڕێگە نەدەن دەسەڵات ساردتان بکاتەوە. لە ئێستاوە کار دەکەین بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو دوو ملیۆن و نیو دەنگدەرەی بەشدارییان نەکردووە، ملیۆنێکیان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە نەوەی نوێ بدەن".