پەكەكە كوژرانی 88 سەربازی توركیای لە سێ‌ ئۆپەراسیۆندا ڕاگەیاند

24-12-2023 05:52

پەرەگراف

سێ ڕۆژە شەڕی سەخت لە ئامێدی و چیای خواكوڕك لە نێوان گەریلاكانی پەكەكە و سوپای توركیا بەردەوامە. پەكەكە دەڵێت، لە سێ‌ ئۆپەراسیۆندا و لە زیاتر لە 10 قۆڵەوە، هێرشیان كردووەتە سەر بارەگاكانی توركیا و گورزی سەختیان لێداون و "88" سەربازیان كوشتووە. وەزارەتی بەرگریی توركیاش دان بە كوژرانی 12 سەربازیدا دەنێت و بۆردومانی چڕی دەست پێ كردووە.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەپەگە وردەكاریی سێ‌ ئۆپەراسیۆنی بڵاو كردەوە، یەكەمیان ٢٢ی ئەم مانگە لە چیای خواكوڕك و مەتینا، دووەم و سێیەمیان ڕۆژێك دواتر لە چیای ئامێدی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زاپ ئەنجام دراون، ئەمڕۆیش پێكدادان بەردەوام بووە.

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی یەكەم، هەپەگە دەڵێت "ئێوارەی ڕۆژی شەممە 22ی ئەم مانگە، هێزەكانمان لە سێ‌ قۆڵەوە لە خواكوڕك هێرشیان كردە سەر داگیركەران، بە نیو كاتژمێر چیاكەیان كۆنترۆَڵ كرد و 27 سەربازیان كوشت و یەك گەریلا شەهید بوو". هەروەها هەپەگە دەڵێت "لە مەتینا هێزەكانمان بە تاكتیكی دزەكردن لە شاخی ئۆرتێ‌ چالاكییەكیان ئەنجام دا و نۆ سەربازی داگیركەریان كوشت".

دەربارەی ئۆپەراسیۆنی دووەمیش، هەپەگە ڕاگەیاند كە گەریلاكانیان پاشنیوەڕۆی 23ی مانگ لە حەوت قۆڵەوە هێرشیان كردووەتە سەر سێ ناوچە لە ڕۆژئاوای زاپ، كە "200 سەربازی توركیا و 44 سەنگەر و خێمە و تانك و زرێپۆش"یان بە ئامانج گرتووە . بە تاكتیكی هەڵكوتانەسەر بە نارنجۆك و چەكی سووك و قورس، لە سوپای توركیایان داوە و "34"سەرباز كوژراون. هەروەها "شەهیدبوونی سێ‌ گەریلا"ـی ڕاگەیاندووە.

هەر ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە ڕۆژهەڵاتی زاپ ئۆپەراسیۆنی سێیەم ئەنجام دراوە، كە هەپەگە دەڵێت، لە سێ‌ قۆڵەوە هێرشیان كردووەتە سەر دوو گرد، تێیدا "18" سەربازی توركیا كوژراون و ئەوانی دیكەش ناچار بوون هەڵبێن، هەردوو گردەكەیش لەلایەن سوپای توركیاوە چۆڵ كراون. هەپەگە دەڵێت، ئەم ئۆپەراسیۆنەی بەبێ‌ زیانی گیانی لە ڕیزی گەریلاكانی ئەنجام داوە.

لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی پەكەكەدا، وەزارەتی بەرگریی توركیا ڕایگەیاند، بە سەرپەرشتیی یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە لە زنجیرەیەك هێرشدا "29" ئامانجی لە باكووری عێراق و سووریا خاپوور كردووە كە "پێگەی خۆحەشاردان و پەناگە و دامەزراوەی نەوت و ئەو كۆگایانەن كە پەكەكە/یەپەگە بەكاریان دەهێنێت".

توركیا وەكوو یەك تەماشای پەكەكە و یەپەگە دەكات و هەردووكیان بە "ڕێكخراوی تیرۆریستی" ناو دەبات. بەشێك لەو هێرشە ئاسمانییانە كە شەوی ڕابردوو سوپای توركیا ئەنجامی داون، بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بوون و وێستگەی كارەبا و بیری نەوت و ژمارەیەك شوێنی دیكەی كردووەتە ئامانج.

توركیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمی دانی بە كوژرانی 12 سەربازی وڵاتەكەیدا ناوە لە هێرشەكانی پەكەكە لە خواكوڕك و ئامێدی، بەڵام پەكەكە دەڵێت "توركیا زیانەكان دەشارێتەوە و 88 سەربازیان كوژراون"، لەبارەی زیانە گیانییەكانی پەكەكەش توركیا دەڵێت، "13چەكدار كوژراون"، بەڵام پەكەكە دەڵێت "تەنیا چوار گەریلامان شەهید بوون".

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووە و لە ساڵانی ڕابردوو ژمارەی بنكەكانی زیاد كرد و هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم، ئەوەش بە پاساوی لێدان لە گەریلاكانی پەكەكە. هەرچەندە ئامارێكی ورد و فەرمی دەربارەی ژمارەی بنكە و سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم لەبەردەستدا نییە، بەڵام زیاتر لە 10 بنكە و هەزاران سەرباز دەبن‌ كە دەكەونە ناوچەكانی بادینان لە پارێزگای دهۆك.

بەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكەوە، دەیان گوند لە دهۆك چۆڵ كراون، نەك هەر لەوێ، بەڵكو لە ناوچەكانی شنگال، مەخموور، سلێمانی، زینی وەرتێ و قەندیلیش بۆردومانەكانی توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان زیانی لێ كەوتووەتەوە و دەیان هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆیەوە شەهید و بریندار بوون.

هەر لە شەڕی توركیادا بەرانبەر پەكەكە، جگە لە بۆردومانی ئاسمانی، چەندین جۆر چەكی قورس و سوتێنەر بەكار دەهێنرێن كە بەهۆیانەوە سروشتی كوردستان و ڕەز و باخ و زەویی كشتوكاڵی و ناوچەی دارستان و شوێنەواریش زیانیان بەركەوتووە و سوتاون و بەشێكیان بە تەواوەتی وێران بوون.

بەپێی ئامارێكی تیمی كوردستانی ڕێكخراوی سی پی تی، تەنیا ئەمساڵ توركیا زیاتر 82 هێرشی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، بەهۆی هەموو هێرشەكانی توركیاوە لە ساڵانی ڕابردووەوە تائێستا، زیاتر لە 147 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 220ـی دیكەش بریندار بوون، زیاتر لە لەسەدا 59ـی ئەوانەیشی بوونەتە قوربانیی هێرشە درۆنییەكانی توركیا، هاووڵاتیانیی مەدەنی بوون، نەك چەكدارانی پەكەكە.