پەرەگراف
دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سكاڵا بۆ مووچەو پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆبووەوەو دانیشتنەکەی دواخست بۆ ٢١-١-٢٠٢٤.
سکاڵای یەکەم لەلایەن چوار مووچەخۆری هەرێمەوە لەسەر هەردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوەو، لە سكاڵاكەدا داوا كراوە كە سكاڵالێكراوان پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق.
هەروەها داوایان كردووە دادگای فیدراڵی "بڕیاری دادپەروەرانە دەربكات بۆ گەڕاندنەوەی مافە داراییەكانیان و جێبەجێكردنی یاسای بودجە بە هەموو ماددە و بڕگەكانی پەیوەست بە شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەناویدا پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران (هەر سی ڕۆژ جارێك) بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بەبێ دواكەوتن و دواخستن".
سكاڵای دووەمیش لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمەوە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم تۆمار كراوە، داوا كراوە هەردووكیان "بەتەواوی" پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراوی فیدراڵی، هەروەها داوایان كردووە ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی كە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی دەربارەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەریان كردوون، هەڵبوەشێنرێنەوە.
دادگا ئەمڕۆ لە دواخستنی ئەو داوایەدا تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، داوایکردووە بۆ دانیشتنی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق وەک لایەنی سێهەم ئامادەی دانیشتنی دادگا بێت.
یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، سەرپەرشتیی دۆسیەی (پلە بەرزركردنەوەی فەرمانبەران) دەكات، ڕۆژی 26-11-2023 پاش بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی دادگا ڕایگەیاند، ئەو داوایەیان بە شێوەیەك نووسیوە كە مافی مووچەخۆرانی كوردستان بگەڕێتەوەو هیوادارن لە دانیشتنەكانی داهاتوودا بتوانن ئەو مافە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بگەڕێننەوە.
حکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی سەختدایەو دابەشنەکردنی مووچەی سێ مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ئەمساڵ شەپۆلێکی فراوان لە ناڕەزایەتیی و بایکۆتی لێکەوتووەتەوە بەتایبەت لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین کە هێشتا دەرگای ناوەندەکانی خوێندن نەکراونەتەوە.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم کە پێشتر پەرەگراف بڵاویکردەوە، چارەنووسی مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوەی ئەمساڵ پاشەکەوتکردنەو هاوشێوەی دەیان مووچەی ساڵانی ڕابردوو وەک قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم دەمێننەوە.
مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕێککردنەوەی دابەشکردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک، هاوکات داوای مووچەی ئەو سێ مانگەش دەکەن. لەگەڵ ئەو داوایانەشدا بۆ مووچەکانی ئەمساڵیان، لە خۆپیشاندانەکاندا دۆسیەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی ساڵانی ڕابردووشیان هەڵدایەوەو داوای چارەنووسیان کرد.
پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی لە سەدا 10 تا سەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩)، لە هەندێك ساڵدا چەند مانگێك بە تەواوی موچە نەدرا و مانگەكانی دیكەش بە پاشەكەوت یان لێبڕینی بەشێكی، موچە دابەشكرا؛ لەو چەند ساڵەدا 12 موچە بە تەواوی نەدرا و زیاتر لە 30 موچەش بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشکران.