باران و بەفربارین كۆتایی دێت

24-12-2023 11:28
کەشی باراناویی ئەمڕۆی سلێمانی. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم، ئەو شەپۆلی بارانباربنەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، سبەینێ‌ كۆتایی دێت. لە مێرگەسووریش بۆ دووەم ڕۆژ زۆرترین بڕی باران باریوە كە 140 ملیمەترە.

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "ئەمڕۆ یەكشەممە 24-12-2023، كەش باراناوی دەبێت و لە سەرجەم ناوچەكەمان ئاسمان بەردەوام هەوری دەبێت. باران بارین لە تەواوی ناوچەكەمان دەبارێت لە كاتی جیاجیا، هەندێك كات باران نمە باران و هەندێ كات دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند".

كەشناسی دەشڵێت "لە دوای نیوەڕۆ، سنووری پارێزگای سلێمانی بە تایبەت ناوچە شاخاوییەكان، بارانی بەلێزمەی كورتخایەنی لێ‌ دەبارێت، پاشان لە شەودا لە بەشێك لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و بەشی باشووری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەكان، بارانی زیاتر دەبارێت بەراورد بە ناوچەكانی تر". هەروەها ئەمشەو بەفر لەسەر ناوچە سنوورییەكان و بەشێك لە لووتكەی شاخە بەرزەكان دەبارێت.

كەشناسیی هەرێم پێشبینی دەكات سبەی دووشەممە، لە كاتەكانی بەرەبەیان "ئاسمان هەوری بێت و كەمێك باران بارین بەشێوەی نمەبارانی پچڕ پچڕ لەسەر ناوچە جیاجیاكان هەبێت، لەگەڵ دروستبوونی تەم لەكاتەكانی بەیانی".

بەپێی پێشبینییەكان "لە پاشنیوەڕۆی دووشەممە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و كاریگەری ئەم شەپۆلە كۆتایی دێت".

لە 24 كاتژمێری ڕابردوویشدا زۆرترین بڕی باران لە مێرگەسوور باریوە، كە 140.5 ملم بووە، دوێنێش لە هەمان ناوچە 108 ملم باران باریوە.