پەرەگراف
دادگای فیدراڵی بۆ دوو سكاڵای هەرێم لەسەر "پلە بەرزكردنەوە و مووچە" كۆدەبێتەوە. ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە ناڕازییانەی كە سكاڵاكانیان تۆمار كردووە، گەیشتنە بەغداد بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنەكە.
سكاڵای یەكەم كە سبەینێ(24-12-2023) یەكەم دانیشتنی بەڕێوە دەچێت، لەلایەن (ڕەعد ڕەفعەت محەمەد، ئاكۆ محەمەد مەحموود، بەدەل عەبدولباقی ئەبابەكر و عەلی ئەحمەد عەلی)ـەوە لەسەر هەردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە.
لە سكاڵاكەدا داوا كراوە كە سكاڵالێكراوان پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی (ماددە 12/ بڕگەی دوو، ماددەی 13/ بڕگەی هەشت) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی كۆمار عێراق بۆ ساڵانی (2023، 2024 و 2025).
هەروەها داوایان كردووە دادگای فیدراڵی "بڕیاری دادپەروەرانە دەربكات بۆ گەڕاندنەوەی مافە داراییەكانیان و جێبەجێكردنی یاسای بودجە بە هەموو ماددە و بڕگەكانی پەیوەست بە شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەناویدا پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران (هەر سی ڕۆژ جارێك) بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بەبێ دواكەوتن و دواخستن".
سكاڵای دووەم كە سبەینێ دووەم دانیشتنی بەڕێوە دەچێت، لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمەوە تۆمار كراوە كە پێكهاتوون لە (ئەژی بەرزان عارف، محەمەد حسێن كەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەمەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەمەد، ئاوات ئازاد محەمەد، دڵشاد محەمەد ئەمین، سامان عەلی ساڵح و ڕێبوار باهیر ئەحمەد).
لە سكاڵاكەدا كە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، داوا كراوە هەردووكیان "بەتەواوی" پابەند بكرێن بە "جێبەجێكردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراوی فیدراڵی، بە تایبەت ماددەكانی (6، 7، 8 و 9)".
هەروەها داوایان كردووە ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی كە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی دەربارەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەریان كردوون، هەڵبوەشێنرێنەوە.
یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، سەرپەرشتیی دۆسیەی (پلە بەرزركردنەوەی فەرمانبەران) دەكات، ڕۆژی 26-11-2023 پاش بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی دادگا ڕایگەیاند "بە ئامادەبوونی داواكاران، دانیشتنی یەكەمی دادبینیی ئەو داوایە بەڕێوە چوو كە پەیوەستە بە پلەبەرزكردنەوە".
یوسف محەمەد وتیشی "ئەو داوایەمان بە شێوەیەك نووسیوە كە مافی مووچەخۆرانی كوردستان بگەڕێتەوە. هیوادارین لە دانیشتنەكانی داهاتوودا بتوانین ئەو مافە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بگەڕێنینەوە".