كوێستان محەمەد: تەحەددا دەكەین یەك ژن بۆ بەدڕەوشتی لە چاكسازییەكان برابێتە دەرەوە، بەڵام شاهێدی بۆ پێش خۆمان نادەم

23-12-2023 04:15

پەرەگراف

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت "تەحەددا دەكەین یەك ژن لەم چوار ساڵەی سەردەمی ئێمەدا بۆ كاری بەدڕەوشتی و لەشفرۆشی لە چاكسازییەكان برابێتە دەرەوە، ئەگەر بیسەلمێنن من دەست لەكار دەكێشمەوە"، بەڵام هاوكات دەڵێت "ناتوانم هیچ شاهێدییەك بۆ پێش ئێمە بدەم و هەر شتێك وترابێت بۆ پێش ئەم كابینەیە، ئێمە لێی بەرپرس نیین".

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی سەرۆكی داواكاری گشتیی پێشووی سلێمانیی دایەوە و وتی "ئەو قسەیەی كە كراوە، نیگەرانییەكی قووڵی لە لای من، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكان، بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازیی ژنان و منداڵان دروست كردووە، بە تایبەتی سزادراوەكان و كەسوكارەكانیان تووشی دڵەڕاوكێ‌ بوون و هەڕەشەمان لێ‌ دەكەن كە یان دەبێت پێچەوانەكەی بسەلمێنین، یان لێمان قبووڵ ناكەن".

حاكم ناز نووری، سەرۆكی داواكاری گشتیی پێشووی سلێمانی، لە بەرنامەیەكی (درەو میدیا)دا وتی "ساڵی 1999 - 2000 لەناو چاكسازیدا ئافرەتی تیابوو بە لەشفرۆشی حوكمدرابوو، ژنێكی زیندانیكراو وتی: زۆر جار بەشەو دێن و دەمانبەن بۆ شوێنانی تر كاری سێكسیمان پێ دەكەن".

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەو قسەیەی سەرۆكی داواكاری گشتیی پێشووی سلێمانی بە "تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی" ناو دەبات و دەڵێت "ماددەیەكە لە ماددەكانی یاسای سزادانی عێراقی، ئەگەر ئەو شتە وایش بێت، ئەو كەسەی وتوویەتی و ئەوەیشی بڵاوی كردووەتەوە، سزای یاسایی زۆر قورس دەدرێت".

كوێستان محەمەد دەشڵێت "تكامان كرد لە بەڕێوەبەری چاكسازییەكانی خۆمان ئەم جارە لەو كەسە و سایتەكەش خۆش ببن و سكاڵایان لەسەر تۆمار نەكەن".
ئەمە لە كاتێكدایە ئەو ڕووداوەی كە حاكم ناز نووری باسی كردووە، بۆ 23 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە هیچ پەیوەندییەكی بە بەرپرسانی ئێستای وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و چاكسازییەكانەوە نییە.

پێشتریش لە ساڵی ڕابردوو، كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، خۆی بۆ میدیای گۆڕان وتی "لەناو چاكسازیدا (پی ڤی سی) براوەتە ژوورەوە و وەستای بۆ براوەتە ژوورەوە، ژووری بچووك بچووك بۆ كاری نەشیاو و بەدڕەوشتی درووست كراوە".

لە هەرێمی كوردستان شەش چاكسازی هەن، سیانیان چاكسازیی گەورانن كە تایبەتن بە پیاوان، سیانیان چاكسازی ژنان و منداڵانن.

كوێستان محەمەد دەڵێت "سەرجەم كارمەند و بەڕێوەبەری چاكسازییەكانی ژنان و منداڵان، ژنن. هیچ ژنێك ناچێتە دەرەوە، مەگەر نەخۆش بێت یان سكاڵایەكی یاسایی لەسەر بێت".