تورکیا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا زیاتر لە شەش مانگی دیکە درێژکردەوە

23-12-2023 12:54

پەرەگراف

تورکیا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بۆماوەی زیاتر لە شەش مانگی دیکە درێژکردەوە.

هەندرێن هیوا موفتی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، ڕایگەیاند "تورکیا ڕاگرتنی گەشتەکانی تا 22-6-2024 درێژکردەوەو ئاگاداریان کردینەوە لە بڕیارەکەیان".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە دەشڵێت، بڕیارەکە سیاسییەو پەیوەندی بە هەبوونی کێشە لە فڕۆکەخانەکە نییە.

تورکیا لە 3-4-2023دا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوەیان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ و تا ٣-٧-٢٠٢٣بوو، بەڵام دواتر شەش مانگی دیکەی درێژکردەوەو دەبوو لە سەرەتای ساڵی نوێ گەمارۆکەی لاببات، بەڵام بەپێی بڕیارە نوێیەکە تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو گەمارۆکە درێژکراوەتەوەو ئەوکات بڕیاری دیکە دەدرێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوکات دوای ڕاگرتنی گەشتەکان هۆکاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا ئاشکرا کردو وتی: "بەهۆیچالاکییەکانی پەکەکەوەیەو لە چوارچێوەی هەوڵەكانی رووبەرووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا،"چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووەو دزەیان کردووەتەناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لەئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".

بەرپرسانی سلێمانی تۆمەتەکانی تورکیا ڕەتدەکەنەوەو جەخت لە مەدەنی بوونی فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.

چوار ڕۆژ دوای داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، لە ٧-٤-٢٠٢٣دا ھێرشێکی ئاسمانیی کرایەسەر نزیک فڕۆکەخانە کە تێیدامەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی زیانی گیانیی بەدواوە نەبوو.