پەرەگراف
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی 15 بازرگانی ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند لە ماوەی یەک مانگدا.
"توانیمان لەماوەی یەک مانگدا (١٥) کەس دەستگیر بکەین بەتۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان و لەکاتی دەستگیر کردنیاندا دەستمان گرت بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەر لەجۆری (کریستاڵ و هیرۆین و تلیاک و حشیش و حەبی ترامادۆڵ) هەروەها دەستمان گرت بەسەر چەند پارچە چەکێکی بێ مۆڵەت و کەل و پەلی پێوانەکردن و کێشانی ماددەی هۆشبەر" ئاسایشی هەولێر وادەڵێت.
ئاسایش سوپاسی هاوڵاتیان دەکات کە هەمیشە هەماهەنگ و هاوکاری بەڕێوەبەرایەتییەکەیانن لەپێدانی زانیاری.
ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لە تەشەنەسەندندایەو بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، لەماوەی ٨ ساڵ و لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2023، بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر "زیاتر لە ١٤ هێندە زیادی كردووە. بەڕێژەی سەدیش، لەسەدا هەزار و ٤٢٠ بەرزبووەتەوە".
ناوەڕاستی ئەم مانگەش دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی، ئاماری کارو چالاکییەکانی ئەمساڵی بڵاوکردەوەو بەپێی ئامارەکە، دەستبەسەر 389 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوەو 84 بازرگان دەستگیر کراون.
بەپێی ئامارەكانی تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان كە بەشێك لە چالاكییەكانیان كاركردنە لەسەر ماددەی هۆشبەر، لە ساڵی ٢٠١٤دا تەنها ١٤٢ كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، بەڵام لە ساڵی 2022دا، ٢٠١٧ كەس دەستگیر كراون.
شیشە، تلیاك، حەشیش، كریستاڵ، كۆكاین، هێرۆیین، ماریوانا و چەندین حەبی جۆراوجۆر، ئەو ماددە هۆشبەران كە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان و لایەنە ئەمنییەكان بە بڕی زۆر دەستیان بەسەر بەشێكیدا گرتووە.