پەرەگراف
ماوەی پێنج رۆژە هێزەكانی ئاسایش پۆلیسێکی ناحیەی بازیانیان دەستگیر کردووە، سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت: هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئەوەیە لە کەناڵی ئێن ئاڕتی ڕەخنەی لە دەسەڵات گرتووە.
بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، پۆلیسەکە ناوی هاوڕێ ئەحمەدە، خێزاندارەو سێ منداڵی هەیە، لە کۆمەڵگای بەردەقارەمان نیشتەجێیەو لە بنکەی پۆلیسی بازیان کارمەندە.
"لەکاتی پشووی خۆیدا ئاسایشی بەردەقارەمان دەستگیریان کردووەو ڕادەستی ئاسایشی چەمچەماڵ کراوە" سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەرەگراف وای وت.
کەسوکارەکەی نایانەوێت قسە لەسەر دەستگیر کردنەکەی بکەن لە ترسی ئەوەی دۆخی هاوڕێ سەختتر نەبێت.
ئەو سەرچاوەیەی کە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا کرد وتیشی "هاوڕێ قسەی بۆ كەناڵی ئێن ئاڕتی كرد، رەخنەی لە یەكێتی و پارتی و خراپی خزمەتگوزاری گرت و وتی دەسەڵات متمانەی نەماوەو خەڵک دەنگی پێ نادات، ستایشی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیدی كرد، لەسەرئەوە دەستگیركراوە".