كۆمیسیۆن: جیاكردنەوەی دەستی و ئەلیكترۆنیی دەنگەكان هاوتان

21-12-2023 06:20
پرۆسەى جیاکردنەوەى دەنگەکان لە پارێزگاى هەولێر. فۆتۆ: کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند "تا ئێستا جیاکردنەوە و ژماردنەوەى دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، هاوتای ئەنجامی ئەلیكترۆنییە".

پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان ئەمڕۆ دەستی پێ‌ كرد و دەنگی زیاتر لە دوو هەزار وێستگە كە سكاڵایان لەسەرە، دووبارە بە دەست جیا دەكرێنەوە، كە زۆرینەی هەرەزۆریان دەنگی دەنگدانی تایبەتن.

عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند "تا ئێستا ئەنجامی ئەو دەنگانەی كە بەدەست جیاكراونەتەوە، هاوتایە لەگەڵ ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكان. پرۆسەكەش بە ئامادەیی چاودێران و نوێنەری قەوارە سیاسییەكان و میدیاكان ئەنجام دەدرێت".

عیماد جەمیل دەشڵێت "پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە ماوەیەكی ستاندارددا لە هەندێك ناوەند تەواو دەبێت، بەڵام لە زۆرێك لە پارێزگاكان پێویستی بە كاتی زیاترە، چونكە ژمارەیەكی زۆر وێستگەیان هەیە كە دەبێت بە دەستی ئەژمار بكرێنەوە".

سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان جەختیشی لەوە كردەوە كە "ئامانج لە ئەنجامدانی ژماردن و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان، پشتڕاستكردنەوەی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكانە".

وتیشی "ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، دوای تەواوبوونی ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی لە سەرجەم ناوەندەكانی وردبینی، ڕادەگەیەندرێت".

ئەو دەنگانەی كە بە دەستی جیادەكرێنەوە، لەسەدا 5.6ی كۆی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانن، زۆرینەی هەرە زۆریان دەنگی دەنگدانی تایبەتن و بەشێكی كەمیشیان هی دەنگدانی گشتین.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوێنێ چوارشەممە ٢٠-١٢-٢٠٢٣، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند "كۆی ئەو سكاڵایانەی گەیشتوونەتە کۆمیسیۆن، 118 سكاڵان، 55 سكاڵا لە دەنگدانی تایبەت و 63 سكاڵا لە دەنگدانی گشتی".

ئێوارەی 19ی ئەم مانگە و دوای 24 كاتژمێر لە دەنگدانی گشتی، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی بەرایی لەسەدا 94.4ـی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ڕاگەیاند.

بەپێی ئەنجامی بەرایی، كورد لە كەركووك نەیتوانی زۆرینەی كورسییەكان بباتەوە كە هەشت كورسییە، بەڵكوو حەوت كورسیی بەدەست هێنا كە یەكێتی پێنج كورسی و پارتی دوو كورسییان بردووەتەوە. هەرچی لایەنە عەرەبەكانیشە شەش كورسی و توركمانەكانیش دوو كورسییان بەدەست هێناوە.

لە پارێزگای نەینەوا، پارتی چوار كورسی و یەكێتی دوو كورسیی بەدەست هێناوە، یەكێتی لە پارێزگای سەلاحەدین كورسییەك و لە پارێزگای دیالەیش كورسییەكی بەدەست هێناوە. بەو شێوەیە لە كۆی ناوچە جێناكۆكەكان یەكێتی نۆ كورسی و پارتی شەش كورسیی بەدەست هێناوە.