پەرەگراف
پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكانی زیاتر لە دوو هەزار وێستگە لە پارێزگاكانی عێراق و هەرێم دەستی پێ كرد. پێشبینی دەكرێت پرۆسەكە سێ ڕۆژ بخایەنێت و دواتر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ڕادەگەیەندرێت.
كۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە، دەنگەكانی 2100 وێستگەی دەنگدان كە بە ئەلیكترۆنی ئەنجامەكانیان دەرنەچووە و كێشەیان تێدا بووە و سکاڵایان لەسەر بووە، دەنگەكانیان بە دەستی ئەژمار دەكرێنەوە.
ئەو دەنگانەی كە بە دەستی جیادەكرێنەوە، لەسەدا 5.6ی كۆی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانن، زۆرینەی هەرە زۆریان دەنگی دەنگدانی تایبەتن و بەشێكی كەمیشیان هی دەنگدانی گشتین.
جیاكردنەوەی ئەم دەنگانە گۆڕانكاری لە دەنگی لایەنەكاندا دروست دەكات و تەنانەت ئەگەری هەیە بەوهۆیەوە ژمارەی كورسیی لایەنەكانیش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت.
كۆمیسیۆن دەڵێت، پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان بە ئامادەیی نوێنەری لایەنەكان، چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و میدیاكان بەڕێوە دەچێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، دوێنێ چوارشەممە ٢٠-١٢-٢٠٢٣، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند "كۆی ئەو سكاڵایانەی گەیشتوونەتە کۆمیسیۆن، 118 سكاڵان، 55 سكاڵا بۆ دەنگدانی تایبەت و 63 سكاڵا بۆ دەنگدانی گشتی".
ئێوارەی 19ی ئەم مانگە و دوای 24 كاتژمێر لە دەنگدانی گشتی، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی بەرایی لەسەدا 94.4ـی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ڕاگەیاند.
بەپێی ئەنجامی بەرایی، كورد لە كەركووك نەیتوانی زۆرینەی كورسییەكان بباتەوە كە هەشت كورسییە، بەڵكوو حەوت كورسیی بەدەست هێنا كە یەكێتی پێنج كورسی و پارتی دوو كورسییان بردووەتەوە. هەرچی لایەنە عەرەبەكانیشە شەش كورسی و توركمانەكانیش دوو كورسییان بەدەست هێناوە.
لە پارێزگای نەینەوا، پارتی چوار كورسی و یەكێتی دوو كورسیی بەدەست هێناوە، یەكێتی لە پارێزگای سەلاحەدین كورسییەك و لە پارێزگای دیالەیش كورسییەكی بەدەست هێناوە. بەو شێوەیە لە كۆی ناوچە جێناكۆكەكان یەكێتی نۆ كورسی و پارتی شەش كورسیی بەدەست هێناوە.