قوباد تاڵەبانی: دەبێت بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن گۆڕانکاری لە ئیدارەدانی کەرکوک بکرێت

20-12-2023 04:23
دیداری ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، دەبێت بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری لە شێوازی ئیدارەدانی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بکرێت و لە ئیدارەی داهاتووی ئەو ناوچانەدا هیچ جۆرە پەراوێزخستن و جیاوازیدانانێک نەمێنێت و وەک یەک خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکرێت.

ئەو وتانەی جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ڤیکتۆریا نوڵاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی بەوەکالەت.

تاڵەبانی دەشڵێت "سەبارەت بە رۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراقیش، هەردوولا هاوڕابووین مانەوەی هاوپەیمانان و  ئامادەیی زیاتر لە هەموو رووەکانەوە لەم قۆناغەدا بۆ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستە".

ئەو وتانە لەکاتێکدان یەکێتی نیشتیمانی براوەی یەکەمی لایەنە کوردییەکانە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەتایبەت لە کەرکوک لیستی یەکەمەو 5 کورسی بردووەتەوەو چاوی لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگارە.

لە هەڵبژاردنەکەدا یەكێتی پێش پارتی كەوت و  توانیویەتی لە چوار پارێزگای ناوچە جێناكۆكەکان 9 كورسی بباتەوە لەكاتێكدا پارتی لە دوو پارێزگا سەرکەوت و شەش كورسی بردەوە، هیچ لایەنێکی دیکەی کوردی کورسی نەبردووەتەوە.

کورسییەکانی پارتی و یەکێتی لە ناوچە جێناکۆکەکان

یەکێتی 9 کورسی:

کەرکوک 5

نەینەوا 2

دیالە 1

سەڵاحەدین 1

 

پارتی 6 کورسی:

نەینەوا 4

کەرکوک 2