مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: نابێت بەغدا وەک هاووڵاتیی پلەدوو ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی هەرێم بکات
پەرەگراف
سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا کۆبوونەوەو هاوڕان لەسەر ئەوەی "نابێت بەغدا وەک هاووڵاتییەکی پلەدوو ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات".
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ مەسرور بارزانى، پێشوازیی له ڤیکتۆریا نولاند،جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی و شاندێكى ياوهرى كردووەو له كۆبوونهوهیەکدا كه ئەلينا ڕۆمەناوسكى، باڵيۆزى ئهمريكا لە عێراق ئامادەی بووە، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا.
"تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە حکومەتی فیدراڵ ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و نابێت بەغدا وەک هاووڵاتییەکی پلەدوو، ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات" بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە.
هاوکات سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵی و پتەوکردنی بنەما دیموکراتییەکان لە عێراقدا کردووەتەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی عێراقدا دووپات کردەوە.
كێشەی بودجە و نەوت لە نێوان هەرێم و بەغداد بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، ئەوەش وای كردووە یاسای بودجە وەكوو خۆی جێبەجێ نەكرێت و بەغداد بەشە بودجەی مانگانە بۆ هەرێم نانێرێت، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ساڵی نوێدا یاسای بودجەی عێراق هەموار بکرێت بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم و مسۆگەرکردنی مووچەی مانگانەیان.