خانەنشینان دووەم سكاڵا دژی حكومەتی هەرێم تۆمار دەكەن

20-12-2023 03:26

پەرەگراف

پاش زیاتر لە ساڵێك، حكومەتی هەرێم بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هاوتاكردنی ‏مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق، جێبەجێ نەكردووە. یەكێتیی خانەنشینانی ‏كوردستان دەڵێت "سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار دەكەین كە هۆكارن بۆ جێبەجێنەكردنی ‏بڕیارەكە".‏

یەكێتییەكە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەگەڵ فایەق زیدان، سەرۆكی ‏ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆبووینەتەوە و چوارپێنج جار ئەم قسەیەی دووبارە ‏كردەوە (هیچ كەس و دەسەڵاتێك لە عێراقدا بۆی نییە بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ ‏نەكات)".‏

سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان، وتی "مانگێك لەمەوبەر، ‏هەفتەیەك مۆڵەتمان دا بە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، بەڵام ‏وەڵامیان نەبوو، بۆیە ناچار بووین جارێكی دیكە ڕوو بكەینەوە بەغداد".‏

سادق عوسمان داوای لە حكومەتی هەرێم كرد كە "تا زووە" ئەم بابەتە لەگەڵ بەغداد ‏چارەسەر بكات و مافی خانەنشینان بگەڕێننەوە، بە پێچەوانەوە ئەوان "لەو دادگا تایبەتانەی ‏كە بەدواداچوون بۆ بڕیارە جێبەجێنەكراوەكانی دادگای فیدراڵی دەكەن، سكاڵا لەسەر هەردوو ‏سەرۆكوەزیران و هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێم" تۆمار دەكەن.‏

ڕۆژی 23-11-2022، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا لە دۆسیەی سكاڵای ‏خانەنشینان لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب، ‏وەزیری دارایی ھەرێم‎.‎

دادگای فیدراڵی بڕیاری دا بە نادەستووریبوونی كاركردنی دەسەڵاتی هەرێم بە ‏یاسای خانەنشینیی ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە، ھەروەھا پابەندكردنی ‏دەسەڵاتی هەرێم بە كاركردن بە یاسای خانەنشینیی یەكگرتوی عێراق ژمارە ٩ی ‏ساڵی ٢٠١٤ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان‎.‎

یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە لە نزیكەوە ئاگاداری ‏دۆسیەكە بوو، بڕیارەكەی بە "سەركەوتنێكی گەورە" ناو برد‎.‎

یوسف محەمەد وتی، جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی بەركاری ئێستای عێراق ‏لە بەرژەوەندیی خانەنشینانە، "بۆ نمونە لانی كەمی مووچەی خانەنشینی لە ‏یاسای ژمارە ٩ی ٢٠١٤ی هەمواركراوی بەركار لە عێراق (٥٠٠٠٠٠ پێنجسەد ‏هەزار) دینارە، بەڵام لە یاسای ژمارە ٢٧یساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە و ‏رێنماییەكانی هەرێم (٢٢٠٠٠٠ دوسەد و بیست هەزار) دینارە.‏

وەكو یوسف محەمەد وتی، ئەمە جگە لە دادپەروەرییەكی زیاتر لە مووچەی ‏خانەنشینی لە نێوان بەرزترین مووچە و كەمترین مووچە، ڕەچاو كردنی ‏بڕوانامە سەرەڕای ساڵانی خزمەت، ڕەچاوكردنی ڕێژەی گرانبوونی باری بژێوی ‏لەسەر ئاستی عێراق، پێدانی ١٢ مانگ مووچەی تەواو بە دەرماڵەوە وەكوو ‏پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆ ئەوانەی ٢٥ ساڵ و زیاتر خزمەتیان هەیە و چەندین ‏جیاوازیی تر.‏