كۆمەڵ و یەكگرتوو: بەپێی هەموو سیناریۆكان كورد لە كەركووك هەر حەوت ‏كورسیی دەهێنا

20-12-2023 10:29
كەركوك/ 18ـی كانونی یەكەمی 2023/ ژنێكی بە تەمەنی كورد بە هاوكاری كارمەندانی ئەمنی دەچێتە بنكەیەكی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا. فۆتۆ: كەركوك ناو

پەرەگراف

كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێن، بەپێی هەموو سیناریۆكان ‏بە یەكلیستیشەوە، كورد لە كەركووك هەر حەوت كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای ‏دەبردەوە.‏

ڕوونكردەوەی ئەم دوو لایەنە لە كاتێكدایە كە لیستەكەیان بە ناوی (مەشخەڵی ‏كەركووك)، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا (6655) دەنگی بەدەست ‏هێنا و نەگەیشتە كورسسییەك، هەروەها نەوەی نوێ‌ 24620 دەنگ بەدەست هێنا ‏و كورسیی بەدەست نەهێنا، بەو هۆیەشەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تۆمەتبار ‏كران بەوەی دەنگی كوردیان سووتاندووە و كورسییەكی كورد لەدەست دراوە.‏

بەشی ئامار و داتابەیسی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری، بە داتابەیسێك ‏ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی ڕوون ‏كردووەتەوە.‏

مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵ دەڵێت، لە حاڵەتی یەكلیستبوونی كورددا، كۆی ‏دەنگەكانی كورد (217774) دەنگە، بەپێی سیستمی (سانتلیگۆی هەمواركراو) كە ‏لەم هەڵبژادنەدا كاری پێ‌ كراوە بۆ دابەشكردنی كورسییەكان، كورد بەو ژمارە ‏دەنگە حەوت كورسیی بەردەكەوێت، لە كاتێكدا ئێستایش هەر حەوت ‏كورسییەكەی بەدەست هێناوە.‏

هەروەها فاتیح سەنگاوی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتوو، لە نووسینێكدا ‏لەژێر ناوی "ئایا لیستی مەشخەڵی كەركووك و نەوەی نوێ بوونەتە هۆی ‏لەدەستدانی كورسیی كورد لە كەركووك؟"، چوار سیناریۆ دەخاتە ڕوو كە تێیدا ‏كورد هەر حەوت كورسی دەهێنێت.‏

فاتیح سەنگاوی دەشڵێت "دەبێت بزانین ژمارە لە خزمەت كورددا بووە، چونكە ‏لیستە عەرەبی و توركمانییەكان بە ٢٧٥٩٥٠ دەنگ، هەشت كورسییان بردووە، ‏لە كاتێكدا دوو لیستە كوردییەكە بە ١٨٦٤٨٦ دەنگ حەوت كورسییان بردووە، ‏واتە ٨٩٤٦٤ دەنگی لیستەكانی دیكە یەك كورسییان فەرق كردووە".‏

سیناریۆكان:‏

سیناریۆی یەكەم: هەموو كورد بە یەك لیست بەشداریی بكردایە ئەوكاتە كۆی دەنگەكانی كورد یەكسان دەبوون بە ٢١٧٧٧٤ دەنگ، لەو دۆخەدا ‏كورد حەوت كورسیی دەبرد، ئێستاش كورد هەر حەوت كورسیی بردووە، واتە هیچ ‏كورسییەك زیادی نەدەكرد.‏

سیناریۆی دوووەم: ئەگەر هاوپەیمانی لەنێوان (یەكێتی و نەوەی نوێ و مەشخەڵدا ‏بكرایە، ئەوكات ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان دەبوون بە 170648 دەنگ، لەو ‏دۆخەشدا ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی هەر بە پێنج دەمانەوە و هیچ كورسیی ‏كورد زیادی نەدەكرد.‏

سیناریۆی سێیەم: ئەگەر هاوپەیمانی لە نێوان پارتی و نەوەی نوێ و مەشخەڵدا ‏ئەنجام بدرایە، ئەوكات ژمارەی دەنگەكانیان دەبووە ٧٨٠٢٤ دەنگ، لەم دۆخەدا ‏ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی دەبوونە چوار كورسی و هاوپەیمانیەتییەكە دەبووە ‏سێ كورسی، واتە كۆی گشتیی كورسیەكان هەر بە حەوت كورسی دەمایەوە‎ .‎

سیاناریۆی چوارەم: مەشخەڵ و نەوەی نوێ هاوپەیمان بونایە، ئەوكات دەنگیان ‏دەبووە (31275) دەنگ، كورسییەكی یەكێتی كەمی دەكرد، بەڵام كۆی كورسیی ‏كورد هەر حەوت كورسی دەبوو‎ .‎