ئەنجامی هەڵبژاردن لە کەرکوک؛ یەکێتی براوەیەو کورد نیوەی نەهێنا

19-12-2023 09:41

پەرەگراف

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کورد 7 کورسیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بردەوە لە کۆی 16 کورسی، یەکێتی بەڕێژەیەکی بەرچاو کە زیاترە لە سەدا سەد دەنگەکانی زیادی کردووەو لەگەڵ ئەو حیزبەدا، پارتیش ئەندامی لە ئەنجومەنەکە دەبێت، لایەنە کوردییەکانی دیکە کورسییان نەبردەوە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی لەسەدا ٩٤ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ڕاگەیاند، کورد چاوی لەسەر ئەنجامەکانی کەرکوک بوو کە گرنگییەکی تایبەتی هەیەو تاکە پارێزگایە لە هەڵبژاردنەکەدا کورد چانسی ئەوەی هەبێت پارێزگار لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلا بکاتەوە.

بەپێی ئەنجامی بەرایی، لایەنە کوردییەکان 7 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان بردووەتەوەو پێکهاتەی عەرەبی 6 کورسی و تورکمانەکان ٢ کورسی و مەسیحییەکانیش کورسییەکیان بە کۆتا هێناوە.

یەکێتی زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگاکە بەدەستهێناوە کە 139 هەزار و 373 دەنگەو ٥ کورسیی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک مسۆگەر کردووە، بەوەش یەکێتی بەراورد بە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە لەسەدا سەد دەنگەکانی زیادی کردووە کە لەو هەڵبژاردنەدا 63 هەزارو 371 دەنگی بەدەستهێنابوو.

لەناو لایەنە کوردییەکاندا لە دوای یەکێتی، پارتی دووەم زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە کە 46 هەزارو 749 دەنگەو دوو کورسیی مسۆگەر کردووە، پارتی دەنگەکانی کەمیکردووە بەراورد بە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراق کە ئەوکات 49 هەزارو 631 دەنگی بەدەست هێنابوو.

نەوەی نوێ براوەی سێیەمی لایەنە کوردییەکانە لە کەرکوک، بەڵام دەنگەکانی نەگەیشتوونەتە ئاستی بردنەوەی کورسییەک، ئەو جوڵانەوەیە توانیویەتی 24 هەزارو 620 دەنگ بەدەست بهێنێت کە کەمترە لە دەنگەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراقی و لەو هەڵبژاردنەدا 25 هەزارو 409 دەنگی هێنابوو.

هەڵبژاردنەکە بۆ کورد گرنگ بوو بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان و بە دیاریکراوی لە کەرکوک کە ١٨ ساڵە ئەنجومەنی پارێزگای تێدا هەڵنەبژێردراوە، لایەنە کوردییەکان چاویان لە بەدەستهێنانی ٨ کورسیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، گفتوگۆی گەرمی نێوان لایەنەکان دەستپێدەکات بۆ بەستنی هاوپەیمانێتیی لەناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و یەکلا کردنەوەی پۆستی پارێزگار، هەرلایەنێک بتوانێت هاوپەیمانییەکی نیوە+١ی ئەنجومەنەکە پێکبهێنێت پۆستی پارێزگار دەباتەوە واتە 9 دەنگ لەناو ئەنجومەنەکە.