پەرەگراف
وەزارەتی کارەبای هەرێم دەڵێت، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 3400 مێگاوات بەرز کراوەتەوە، لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ سەرووی 6000 مێگاوات بەرز بووەتەوە.
وەزارەتەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد لە پێناو باشترکردنی گەیاندنی کارەبا بە هاوڵاتییان.
"بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی یەکسانی لە دابەشکردنی کارەبا لەنێوان پارێزگاکان درا. بڕیار درا هەڵمەتێکی فراوان بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکان و سزادانی ئەو کەسانە بکرێت کە لە دەرەوەی پێوەری زیرەک کارەبایان ڕاکێشاوە و شوێنەکانیان ئاشکرایە. بڕیاری کەمکردنەوەی کارەبا بەردەوامەکان درا" وەزارەتی کارەبا وادەڵێت.
حکومەتی هەرێم بە جێبەجێکردنی پێوەری زیرەک و پاشان سیستمی پریپەید، دەیەوێت کارەبای بەردەوام دابین بکات و کێشەکانی ئەو کەرتە چارەسەر بکات.
تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەوەش ٩٢٪ـى هاوبەشانی کارەبا پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستمی پریپەید.
بەپێی سیستمی پریپەید کارەبا دەبێت بە وەحدەو ھاوڵاتییان لە پێشدا پارە دەدەن بۆ دەسکەوتنی وزەی کارەبا ئەوەش لەڕێی کڕینی کارتەوە، ئەو شوێنانەی ئێستا کارەبایان کراوەتە ئەو سیستمە، ٢٤ کاتژمێر کارەبایان هەیە.
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەت پێشتر ڕایگەیاند "بەپریپەیدكردنی كارەبای نیشتمانی، جگەلەوەی كارەبایەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات، لەو شوێنانەی سیستەمەكە جێگیركراوە، لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی ٥٠٪ کەمبووەتەوە و کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و ڕووناکیی شەقامەکان دابین کراوە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم سیستمەی کارەبا، دەتوانێت بارزۆری و کێشەی ڤۆڵتیە بەتەواوی چارەسەر بکات".
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی ئەوەشی خستەڕوو، سیستەمی پریپەید، جگە لە ژینگەیەكی پاك و كارەبایەكی باش و بەردەوام، بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی بەهۆی نەهێشتنی دوو سەرچاوەی پێدانی کارەبا کەمتر كردووەتەوە، "لەو شوێنانەی سیستەمەكەیان بۆ بەستراوە، سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی راستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیار کەوتوون".