لە هەڵەبجە مامۆستاو فەرمانبەران خۆپیشاندان دەکەن بۆ مووچە

19-12-2023 01:34
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی هەڵەبجە بۆ مووچەو دامەزراندنی وانەبێژان

پەرەگراف

لە هەڵەبجە مامۆستاو فەرمانبەران ئەمڕۆ هاتنەوەسەر شەقام و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا بۆ مووچە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.

"بەرچاوتان ڕوون بێ ئێوە، دەوام ناکرێ بەم شێوە" ئەمە بەشێک لە دروشمی مامۆستایان بوو لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی هەڵەبجە کە جەختیان لە بەردەوامیی بایکۆت دەکردەوە تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

حکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی سەختدایەو دابەشنەکردنی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ (مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢) شەپۆلێکی فراوان لە ناڕەزایەتیی و بایکۆتی لێکەوتووەتەوە بەتایبەت لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین کە هێشتا دەرگای ناوەندەکانی خوێندن نەکراونەتەوە.

بەپێی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری سەربە وەزارەتی دارایی داوا لە وەزارەتەکە دەکات گشتاندنێک بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دەربکات لەبارەی یەکلاکردنەوەی مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە کە پێویستە لەلایەنی ژمێریاری چارەسەر بکرێت و بە قەیدی ژمێریاری تۆمار بکرێت بە "مووچە شایستە نەدراوەکان".

ئەگەر مانگی داهاتوو حکومەتی هەرێم مووچە دابەش بکات، ئەو مووچەی مانگی 1ی 2024 دەبێت نەک مووچەی مانگی 10ی 2023 کە هێشتا نەدراوە، بەوپێیەش سێ مووچە نەدراوەکە وەک قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم دەمێننەوە هاوشێوەی پاشەکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو.

مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕێککردنەوەی دابەشکردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک، هاوکات داوای مووچەی ئەو سێ مانگەش دەکەن. لەگەڵ ئەو داوایانەی مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی بۆ مووچەکانی ئەمساڵیان، لە خۆپیشاندانەکاندا دۆسیەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی ساڵانی ڕابردووشیان هەڵدایەوەو داوای چارەنووسیان کرد.

پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی لە سەدا 10 تا سەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩)، لە هەندێك ساڵدا چەند مانگێك بە تەواوی موچە نەدرا و مانگەكانی دیكەش بە پاشەكەوت یان لێبڕینی بەشێكی موچە دابەشكرا؛ لەو چەند ساڵەدا 12 موچە بە تەواوی نەدرا و زیاتر لە 30 موچەش بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشکران.