بە نۆ ساڵ 557 كۆچبەری هەرێم و عێراق بوونەتە قوربانی؛ ئەمساڵ كەمترین قوربانی هەبووە

18-12-2023 06:56
کۆچبەران کە لەناویاندا ژمارەیەک کورد هەن، بە بەلەمێک لە فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا دەڕۆن. وێنە: فازڵ هەورامی/ مانگی 2ی 2023

پەرەگراف

بەپێی ئاماری ڕێكخراوێكی تایبەت بە كۆچبەران، لە نۆ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 689 هەزار هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی ئەورووپا داوای مافی پەنابەرێتییان كردووە و 557 كۆچبەریش لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەورووپا بوونەتە قوربانی، كە 321 كۆچبەر گیانیان لەدەست داوە و 236یش بێسەروشوێن بوون.

689 هەزار و 98 کۆچبەرى عێراقى لە 2015 تا ئێستا لە سەرجەم وڵاتانى ئەورووپا داواى مافى پەنابەرێتییان کردووە، ئەمە تەنیا ئامارى ئەو ئەو کۆچبەرانەیە کە خۆیان بە عێراقى لەقەڵەم داوە، ژمارەیەکى زۆر لە کۆچبەرانى هەرێم و عێراق لە کاتى گەیشتن بە ئەورووپا، خۆیان بە خەڵکى وڵاتانى دیکە بە تایبەت ئێران لەقەڵەم دەدەن، بۆیە ئەو کەسانە ناکەونە چوارچێوەى ئەم ئامارەوە.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، ئەمڕۆ ئاماری تایبەت بە كۆچبەرانی عێراق و هەرێمی كوردستانی بڵاو كردەوە. لە نۆ ساڵی ڕابردوودا، ئەمساڵ كەمترین هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی كوردستان داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەورووپا كردووە كە 19 هەزار و 500 كەس بوون، بەرزترین ئاستیش ساڵی 2015 تۆمار كراوە كە 186 هەزار و 422 كەس بوون.

وەكوو لە ئامارەكەی دەزگای لوتكەدا هاتووە، زۆرترین ژمارەی قوربانییان لە ڕیزی كۆچبەرانی عێراق و هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2016دا بووە، كە 132 كۆچبەر بوونەتە قوربانی، 78 كۆچبەر گیانیان لەدەست داوە و 54 كۆچبەریش بێسەروشوێن بوون، كەمترین ژمارەیش لە ساڵی 2023دا بووە كە نۆ كەس بوونەتە قوربانی، حەوت كەس گیانیان لەدەست داوە و دوو كەسیش بریندار بوون.

دوایین قوربانیی كۆچ لە هەرێمی كوردستان، كۆچبەرێكی حاجیاوای ئیدارەی ڕاپەڕین بوو، كە شەوی هەینی لەسەر شەممە لە كاتژمێر 12:30 خولەك بەلەمەكەیا بە دەیان كۆچبەرەوە ژێرئاو كەوت، لە كاتێكدا كە هەوڵی دابوو لە كەناراوەكانی گراڤیلین (باكووری فەڕەنسا)وە بە كەناڵی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا بپەڕێتەوە و تێیدا سێ‌ كۆچبەر گیانیان لەدەست دا.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، بە پەرەگرافی وت "كۆچبەرێكی كورد بە ناوی (ڕاوێژ ڕەئوف) كە تەمەنی 22 ساڵە و خەڵكی حاجیاوای ئیدارەی ڕاپەڕینە، لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەست داوە، بەڵام ناسنامەی ئەو دوو كەسەی دیكە دیار نییە كە گیانیان لەدەست داوە".

بەپێی ئامارەكانی بەردەست دەزگای لوتكە، ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی لەمساڵدا لە سنووری نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا گیانیان لەدەست داوە، گەیشتووەتە 24 كەس.

بەهۆی چالاكیی هاتوچۆی كەشتی لە كەناڵی ئینگلیز و خراپیی ئەو بەلەمە چووپییانەی كە كۆچبەران بەكاریان دەهێنن، زۆر جار كۆچبەران ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.